کازمی دوای هەولێر سەردانی مەخمووری كرد

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای سەردانەکەی بۆ هەولێر، بە یاوەریی بەرپرسانی باڵای حکوومی و سەربازیی هەرێمی کوردستان و عێراق، سەردانی شاری مەخموور لە باشووری رۆژئاوای هەولێر، دەکات.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە یاوەریی وەزیری بەرگریی عێراق و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای ئەمنیی و سەربازیی وڵاتەکەی، بە سەردانێک گەیشتە هەولێر.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی کرد و دواتر کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکان و هێرشەکانی ئەم دواییەی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دوای هەولێر، مستەفا کازمی سەردانی مەخمووری کردووە.
لەو سەردانەیدا بۆ مەخموور، جگە لە وەزیری بەرگریی عێراق و و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای عێراق، وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، یاوەریی کازمی دەکەن.




