میر داسن فارۆق بەگ: دەبێ ڕێککەوتنی شنگال بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە

شنگال-KDP.info- میر داسن فارۆق بەگ، کەسایەتیی دیاری ئێزدییان دەڵێت، خەڵکی شنگال و ئێزدییان بەتایبەتی سەلماندییان کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانن و بەتایبەتیش پشتیوانی کاندیدەکانی سەرۆک بارزانی بوون.
میر داسن فارۆق بەگ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''زۆرینەی ئێزدییەکان دەنگیان بە کاندیدەکانی پارتی دا و متمانەیان بەو هێزە نایاساییانە نەدا، ئینجا دەبێت کێشەی ئیزدییان و شنگال چارەسەر بکرێت، چونکە کێشەی ئێزدییان کێشەیەکی نێودەوڵەتی و گەورەیە و پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە.''
گوتیشی: ''دەبێ چیتر ئێزدییان نەبنە قوربانیی ناکۆکییەکان، دەبێ خەڵک بەئارامی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و گرەنتییەکی ئەمنییان هەبێت، چونکە ناکرێت خەڵک هەر ئاوارە بن و دەبێت ئەو هێزانەی لەنێو شنگالدان شەرعیەتی یاسایی قبووڵ بکەن، ناکرێت ببنە هۆکاری ئاژاوەگێڕی و دووبەرەکیی نێو ئێزدییان.''
میر داسن فارۆق بەگ جەختی لەوەش کردەوە: ''هەندێک لەو عەرەبانەی دەستیان لەگەڵ داعش تێکەڵ کردبوو، نابێ لێیان خۆش بن و دەبێت بگەنە سزای یاسایی خۆیان.''
دەشڵێت: ''کێشەی گەورەی ئێزدییان نەگەڕانەوەی ئەو ڕفێنراوانەیە کە لەلای داعشن، بەڵام جێگای نرخاندنە کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانییەوە زیاتر لە ٣٥٠٠ کەس ڕزگار کراون، بەڵام جێگای داخە، ئەو ڕێکخراوانەی بە ناوی مرۆڤەوە ناسراون و حکوومەتی عێراقیش تا ئێستا ئاگایان لەم ڕفێنراوانە نییە.''
ئاماژەیشی دا: ''دەبێت ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لەبارەی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال بکەوێتەوە واری جێبەجێکردنەوە و دەبێ هەموو لایەک ڕیگە بدەن ئەم ڕیککەوتنە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، ناکرێت لەبەر بەرژەوەندیی هەندیک لایەن، ئەم ڕیککەوتنە پەک بکەوێت.''
كاروان باعه دری




