بە گوژمەی ٢ ملیار و ٧٧٠ ملیۆن دینار پڕۆژە لە بواری شارەوانیدا لە سۆران جێبەجێ دەکرێت
_(8)__2021_12_07_h15m16s16__ER.jpg)
سۆران -KDP.info- سەرۆکی شارەوانیی سۆران ئاشکرای کرد، لە سۆران بە گوژمەی ٢ ملیار و٧٧٠ ملیۆن دینار پڕۆژوی ڕێگاوبان پارەی بۆ تەرخان کراوە و لە بواری جێبەجێکردندایە، کە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگن بۆ ناوچەکە.
کاوە نەجم، سەرۆکی شارەوانیی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی بۆ شەش پڕۆژە بۆ ئێمە تەرخان کردووە بۆ ئەوەی لە قەزای سۆران لە بواری شارەوانیدا جێبەجێ بکرێن، دوو پڕۆژەیان کۆنن و تەواو دەکرێن کە ئەو دوو پڕۆژەیە ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە؛ یەکێکیان پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگای نەھری-دیانەی کۆنە، کە ٧٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کرابوو و پڕۆژەی دیکە دووسایدی پیشەسازیی کۆن، کە ئەویش ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.
کاوە نەجم گوتی: سێ پڕۆژەی دیکەشمان ھەبوو، ئەوانیش بە گوژمەی ٧١٤ ملیۆن دینار بوو، ئەویش قیرتاوکردنی ڕێگا بوو، بەشێکی تەواو بووە و بەشێکی ماوە، کە کێشەی تۆڕی ئاوی ھەبوو و خەریکە چارەسەر دەکرێت و پڕۆژەیەکی دیکە ھەر لە پیشەسازیی کۆن، ئەویش قیرتاوکردنی ڕێگا بوو بە گوژمەی ٢٤٠ ملیۆن دینار بوو.''
نەجم باسی لەوەش کرد: ''پڕۆژەیەکی دیکە قیرتاوکردنی شەقامەکانی گەڕەکی وەستا ڕەجەب و گوندەکانی گوان و کەورین بە گوژمەی ٣٥٠ ملیۆن دینار بوو و لەسەر داھاتی خۆمانیش ١٥% بە گوژمەی ٢٧٠ ملیۆن دینار کۆڵانەکانی چەند گەڕەکێکی سۆران چاک کراون.''
بڵند ئیبراھیم




