٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراق، بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆر، جەخت لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی دەکەنه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ سێشەممە 7/12/2021، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بەڕێز مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وتووێژیان لەبارەی هەڕەشە ئەمنی و دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کرد،کە بنکەکانی هێزە ئەمنییەکانی عیراق و هاوڵاتییانیان کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و هاووڵاتى.

بەڕێز کازمی جەختی لەسەر پشتیوانیکردنی تەواوی هەوڵەکانی پێشمەرگە کرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، لەگەڵ هەماهەنگیی تەواو لەنێوان هێزە چەکدارەکانی عیراقدا به‌ پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی دیکه‌وه‌، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی بۆشاییی ئەمنیی نێوان هەردوولادا.

به‌ڕێز سەرۆک وەزیران جەختیشی لەسەر پێویستیی کارکردن بۆ چالاککردنی لیژنە هاوبەشەکانی هەماهەنگی لەنێوان سوپای عیراق و پێشمەرگەدا کرده‌وه‌ بۆ بەرپەرچدانەوە و دەرکردنی پاشماوەکانی داعش و بنەبڕکردنیان کە لەسەر عیراق و کۆی ناوچەکە بوونه‌ته‌ مه‌ترسى.

لای خۆیەوە، به‌ڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عیراقی کرد، تەواوی ئاماده‌ییى هەرێمی کوردستانیشى بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقیەکاندا دووپات كرده‌وه‌ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە

 

هەواڵی پەیوەندیدار