"دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت، كاریگەری لەسەر بودجەی 2022 دەبێت"

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی بواری ئابووری دەڵێت، دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، كاریگەریی نەرێنی و خراپی لەسەر دواكەوتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2022 دەبێت، چونكە دەبوو لە مانگی 10 ئەم پڕۆژەیاسایە ئامادە بكرایە و بهاتبایە پەرلەمان بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت.
ئەرشەد تەها، شارەزای بواری ئابووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بوونی پڕۆژەیاسای بودجە لە كاتی خۆیدا زۆر گرنگ و پێوستە بۆ دانانی بەرنامەی ساڵێكی دارایی لە هەر وڵاتێكدا، چونكە لەسەر ئەم بنەمایە بودجە دەستنیشان و ئامادە كرێت بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت و پەرەدان بە تواناكانیان، هەروەها ڕاگەیاندنی پڕۆژەی نوێی وەبەرهێنان و باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری، هەمووی لەسەر پڕۆژەی بودجە وەستاوە، بۆیە دواكەوتنی پڕۆژەكە، بێگومان كاریگەریی خراپ و نەرێنیی لەسەر كۆی كایەكانی دەوڵەت دەبێت".
تەها گوتیشی: "لە ئەگەری پەسەندنەكردنی پڕۆژەیاسای نوێ لە عێراق، لە چوارچێوەی یاسای ئیدارەی مالیی بودجەی ساڵی 2021 بە تەواوی بڕگە و مادەكانییەوە، بۆ ساڵی داهاتوو كارپێكراو دەبێت".
ئەو شارەزایەی بواری ئابووری ڕوونیشی كردەوە: "ئەوەی پەیوەندی بە پشكی هەرێمەوە هەیە، حكوومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی ئەو بڕەی كە لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی ڕابردوو ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، كە بڕەكەی 200 ملیار دینارە، خۆ ئەگەر ئەمەش نەبێت، ئەوا هەر بەغدا بەپێی دەستوور لەسەریەتی مانگانە ئەم بەشەبودجەیە بۆ هەرێم بنیرێت، هەتا ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجەش پەسەند نەكرێت".
ئەرسەلان ئەحمەد




