٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری بۆ KDP: چوونی پێشمەرگە بۆ ھەندێك ناوچە، ئارامیی بۆ ئەو ناوچانە گەڕاندووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو ھەنگاوانەی سەبارەت بە چوونی ھێزی پێشمەرگە بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق بۆ ھەندێك ناوچەی كوردستانی نراون، زۆر گرنگن و بوونەتە ھۆی ئەوەی جموجۆڵی داعش كەمتر ببێتەوە. دەشڵێ، چەند ھەنگاوی لەو جۆرە بنرێت، ئارامیی زیاتر بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە.

بابەكر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، حكوومەتی عێراق كە ھەمیشە باس لەوە دەكات شەڕی داعش كۆتایی ھاتووە و داعش نەماوە، لە راستیدا داعش تەواو نەبووە و ھێشتا ماوە و سوودیشیان لە بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق وەرگرتووە، كە بە قوڵی ٢٥ تا ٣٠كم دەبێت، كە زۆر شاخ و شوێنی سەختی لێیە ولەوێ خۆیان رێك دەخەنەوە و پلانەكانی خۆیان دادەنێن، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق بڕیار بدات كە ئەو بۆشاییە ئەمنییانە پڕ بكرێنەوە و ناوچەكان لە داعش پاك بكەنەوە، بۆ ئەوەی نەتوانن سوود لەو بۆشاییە وەربگرن.

زێباری گوتیشی، ئەو بۆشاییەی ھەیە و داعش سودی لێ وەردەگرێت، لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەكدا نییە، چونكە داعش بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكاری دێنێت.

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "بڕیاری سەرۆك بارزانی كە تۆڵەی خوێنی شەھیدان دەكەنەوە، بێ گومان تۆڵەیان دەكرێتەوە، چونكە بە چوونی ھێزی پێشمەرگە بۆ ھەندێك ناوچەی كوردستانی بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق، ئارامی بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە و چەند ئێمە ئارامی بۆ هەر گوندێك دابین بكەین، خەڵك ئاوارە نابێت و تەعریبیش نابێت، پێویستە بە زووییش حكوومەتێك دروست بێت و ھەر كێشەیەك ھەبێت دەتواندرێت خۆمان بپارێزین".

ڕوونیشی كردەوە: "ھەر چەند ھەماھەنگی ھەبێت و ھەنگاوێك بچنە پێشەوە، ئەمنیەتی زیاتر دابین دەكرێت و داعش كەم دەبێتەوە، ئەو ھەنگاوانەی نراویشن وەكو سەرەتا زۆر باشن و ھەنگاوی دیكەشی بەدوادا دێت، بۆیە ئەم ھەنگاوانە وایان كردووە جموجۆڵی داعشیش كەمتر ببێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار