٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

قۆناخی نوێ لە تورکیا بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات؟

سەرچاوە: KDP.info

نووسەر-  تەها ئاقیووڵ

سەرچاوە-  حورییەت

سەرۆک وەزیری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان دەڵێت:  کاتێک کە چەکدارەکانی پەکەکە لە نێو سنورەکانی تورکیادا دەکەون و بچنە وڵاتێکی دیکە ئەوا ئەو کاتە قۆناخی نوێ لە تورکیا دەست پێدەکات.

بێگومان دەستنیشان کردنی دەرکەوتنی چەکدارەکانی پەکەکە  لە نێو خاکی تورکیادا  وەکو مەرجێکی سەرەتایی بۆ دەستپێکردنی ئەم قۆناخە خاڵێکی گرنگە و رێگا بۆ زۆر هەنگاوی دیکە دەکاتەوە. چونکە تا ئەوە کاتەی کە هەڕەشەی هێرشی چەکداری هەبێت مرۆڤ ناتوانێت دەست بە دانوستاندنی چارەنووسساز بکات.

لێرەدا خاڵێک کە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت ئەوەیە کە ئایا دەبێت چەکدارەکانی پەکەکە بۆ کوێ بڕۆن؟  ئایا بچنە باکووری سوریا و لەوێ لە دژی تورکیا قەندیلێکی دیکە دابمەزرێنن و خۆیان بەهێزتر بکەن؟ یا بچنە باکوری عێراق و هێزە چەکدارەکانی ئەو ناوچەیەش بەهێزتر بکەن؟  ئەم جۆرە پرسە سەرەتاییانە نیشانەی ئەوەن کە ئەم قۆناخە چەندە هەستیار و هەمەلایەنەیە.

سەرۆک وەزیری تورکیا دەڵێت نۆرەی چۆڵ کردنی قەندیل و مەخمووریش دێت و لەگەڵ دەسەڵاتی باکوری عێراقدا پێکەوە هەوڵ بۆ چۆڵکردنی ئەم دوو شوێنە دەدەین کە گەورەترین کەمپی پەکەکەن.

باشە  قەندیل و مەخمور چۆڵکران ، بەڵام دواتر ئایا لە باکوری عێراقدا چ هێزێک یا خۆد کێ دەتوانێت ئەندامەکانی پەکەکە کە ژمارەیان زیاتر لە 5 هەزار کەسە کونترۆڵ بکات؟  کێ یا کامە هێز دەتوانێت چەکەکانیان کۆ بکاتەوە؟  ژمارەکە ژمارەیەکی یەکجار زۆرە و بە ئاسانی ناتوانرێت لە نێو کۆمەڵگەدا بزر بکرێت و لە حاڵەتێکی بەمجۆرەیشدا  ئایا ئەم هێزێک هەیە کە بتوانێت ئەو هێزانە لە باکوری عێراقدا لە ژێر سەیبەر یا خۆ لە ژێر چاودێری رێکخراوێکدا کۆبکاتەوە و راهێنانیان بۆ بکات؟ ئەگەر شتێکی بەمجۆرە بکرێت داخۆ ئەنجامەکانی بۆ داهاتووی تورکیا چی بێت؟

بەر لەوەی  باسی ئەم پرسیارانە و چۆنیەتی جێبەجێ کردنی ئەم هەنگاوانە بکەین،  پێویستە حکوومەتی تورکیا ئەم پرسە لە خۆی بپرسێت،  ئایا پەکەکە کە زیاتر لە سی ساڵە شەڕی چەکداری دەکات و خۆی بەپێى ئەم هەڵوومەرجە رێکخستووە،  بۆچی و چۆن چەک دەدانێت؟  ئایا تەنیا لەبەر وتەکانی ئوجەلان پەکەکە ئامادەیە چەک دابنێـت؟

هەندێک کەس و لایەن دەڵێن: مادام ئەوەندە شک و گۆمان لە سەر ئەم قۆناخە هەیە با واز لەم قۆناخە بهێنین و وەکو رابردوو  بەردەوامبین.  گەڕِانەوە بۆ رابردوو یا خۆی واز هێنان لەم قۆناخە مانای ئەوەیە کە دووبارە شەڕی 30 ساڵە لە تورکیا دەست پێ بکاتەوە و ئەو هەموو جوانە کورد و تورکە بخرێنە ژێر خاکەوە. ئایا لەم رۆژە بەدواوە کەس هەیە شتێکی بەمجۆرە قەبووڵ بکات؟ ئایا هیچ دایک و باوکێکی تورک یا کورد ئامادەن کە وەکو سی ساڵی رابردوو  منداڵەکانی خۆیان لە دەستبدەن؟

پێویستە بزانرێت کە گەڕانەوە بۆ دواوە هیچ جۆرە چارەسەرییەک نییە بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆکاری گەرم و گۆڕتر بوونی شەر و ئەم شەرەیش رۆژ لە دوای رۆژ دەبێتە شەڕی نێوان دوو نەتەوە.  ئەو کەسانە کە دەڵێن شکمان لە سەر ئەم قۆناخە هەیە و باوازی لێبێنین و بگەڕینەوە دواوە وا دەزانن کە پەکەکە لاواز دەبێت و ناتوانێت وەکو رابردوو  هەبوونی خۆی لە رووی چەکدارییەوە بەردەوام بکات. بە پێچەوانەوە ئەگەر تورکیا بە هۆی شک و گۆمانی چەند کەس و لایەنێک واز لەم قۆناخە بێنێت ئەوا پێویستە بزانرێت کە ئەم هەڵویستە دەبێتە هۆکاری بەهێزتر بوونی پەکەکە. مێژووی 30 ساڵی رابردوو ئەوەی سەلماندووە کە تەنانەت یەک رۆژیش پەکەکە لە رووی ئەندام  و پەیداویستییە چەکدارییەکانی خۆیەوە هیچ جۆرە کێشەیەکی نەبووە و نابێت.

لەم سی ساڵەی رابردوودا پەکەکە پێگەیەکی یەکجار بەهێزی کۆمەڵایەتی بۆ خۆ بە دەستەوە هێنا و لەمەیش زیاتر هەبوونی پەکەکە لە سی ساڵی رابردوودا  بوو بە هۆکاری دروستبوونی نەسلێک لە جوانە کوردەکان بە ناوی نەسلی ئەو جوانانە کە بە بەرد هێرشی پۆلیس دەکەن و من دەتوانم ناوی ئەم نەسڵە بکەم نەسلی بەردئاوێژەکان. ئەمە دەستکەوتێکی یەکجار گەورەیە بۆ پەکەکە. ئێمە هەستی پێ ناکەین بەڵام لە راستیدا پەکەکەیەکی دیکەیە لە نێو ماڵەکانماندا.
بۆ ئەوەی کە هەر دوو لا لەم کێشە و گرفتانە رزگارمان بێت و لە داهاتوودا رووبەرووی هیچ  کێشە و گرفتێک نەبینەوە تەنیا و تەنیا یەک رێگامان هەیە. راستە ئەم رێگایە زۆر مەترسیدار، ئاڵۆز و دوورودرێژە، بەڵام تەنیا رێگایە کە دەتوانێت لە نێوان کورد و تورکدا ببێتە هۆکاری لاوازکردنی هەستی ملیتاریستی و کردنەوەی دەرگاکان بە رووی تەبایی و پێکەوە ژیان. ئەم رێگایە رێگای دیموکراسییە. بۆیە پێویستە هەم پەکەکە و هەم حکوومەت هەوڵ و هێزەکانی خۆیان بۆ سەپاندنی دیموکراسی بخەنە گەڕ و خۆیان لە هەرجۆرە هەڵوێستێک کە ببێـتە هۆکاری دوور کردنەوەی لایەنەکان لە دیموکراسی بپارێزن

هەواڵی پەیوەندیدار