کرمانج عەبدوڵڵا: ھێزی پێشمەرگە لە سەرگەڕان جێگیر دەکرێت

هەولێر-KDP.info- دوای ھەڕەشە و ھێرشی چەند رۆژی رابردووی چەکدارانی داعش بۆ سەر گوندی لھێبانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە گەیشتنە گوندەکە و بەرپرسێَکی پارتیش دەڵێ، هێزەکانی پێشمەرگە لە گوندەکە جێگیر دەکرێن.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ ھێزێ پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی ناوچەکە و کۆنتڕۆڵکردنی رەوشی ئەمنی، گەیشتوونەتە گوندی لھێبانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، ھێزەکە بە فەرمانی سەرۆک بارزانی لە گوندی لھێبان جێگیر دەکرێت و دڵنیایی دراوەتە خەڵکی گوندەکە کە پێشمەرگە لە سنوورەکە دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان لە مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش".
بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "پێشمەرگە لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی سەنگەرن بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی لھێبان و نەھێشتنی مەترسیی چەکدارانی داعش بۆ سەر خەڵکی گوندی لھێبان".
کرمانج عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ھەر شوێنێک ھێزی پێشمەرگەی تێدا بێت، بێگومان خەڵکی زیاتر دڵنیان لەوەی دوژمن ناتوانێت زەفەریان پێ ببات، ئەو ئاڵۆزی و مەترسیانەش کە لە ھەندێ ناوچەی کوردستانی بۆ سەر خەڵکەکە دروست بووە، بە ھۆی نەبوونی ھێزی پێشمەرگەیە لە سنوورەکە، چونکە پێشمەرگە دەتوانێت بەرگری لە ھاووڵاتیان بکات و پارێزگارییان لێ بکات".
قائید میرۆ




