٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران کێشەی زەویوزاری مەسیحییەکان چاره دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نوێنەرێکی مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، داواکاریی مەسیحییەکان گەیشتووەتە لیژنەکانی چارەکردنی کێشەی زەویوزاری مەسیحییەکان لە ھەرێمی کوردستان و بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، ئەو کێشانە لە رێگەی دادگاوە چارە دەکرێن.

رۆبینا تیاری، نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، چارەکردنی کێشەی زەویوزاری مەسیحییەکان دەستی پێکردووە، کە ئەمە کێشەیەکی کۆنە و لە ئێستادا لیژنەی لاوەکی لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان لە پارێزگاکاندا دروست بوون و پارێزگارەکان سەرپەرشتی دەکەن، کە داواکاریی خەڵک وەردەگیرێت و لە قەزاکانیش قایمقامەکان و لە پایتەختیش وەزیرەکان بەو کارە ھەڵدەستن، تا ئێستاش بەردەوامن لە وەرگرتنی داواکاریی خەڵک، بۆیە بەشێکی چارەسەر کراون و بەشێکیشی ماون چارە بکرێن.

تەیاری گوتیشی، لە ھەر شوێنێک کێشەی زەویوزار و زێدەڕۆیی ھەبێت، خەڵک دەتوانێ داواکاری پێشکەش بکات، بۆیە داواکاریی خەڵک وەرگیراوە و دەست بە چارەسەر کردن دەکرێت، چونکە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر چارەکردنی ئەو کێشانە و کێشەکانیش قابیلی چارەسەرکردنن و لە رێگەی دادگاشەوە چارە دەکرێن، بۆ ئەوەی بە شێوەی یاسایی کێشەکان یەکلا بکرێنەوە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، پێشتر دەستکاریی زەوییەکان کراوە و لە ئێستاشدا کار بۆ چارەکردنی کێشەکە دەکرێت، چونکە ئەو کێشانە زۆرن لە ھەرێمی کوردستان و زیاتریش لە پارێزگای دھۆکن.

دەشڵێ، ئەو لیژنانەی دروست کراون، یەکێک لەوانە لیژنەیەکی باڵایە لە حکوومەت دروست کراوە، کە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بووە و ھەمیشە پاڵپشت و ھاوکاری پێکھاتەکان بووە، کە لیژنەکە لە شەش وەزیر پێک ھاتوون، بۆ ئەوەی کێشەی زەویوزاری مەسیحییەکان چارەسەر بکرێت، بۆیە چارەکردنی کێشەکان دەستی پێکردووە و بەپێی یاسا یەکلا دەبنەوە.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار