٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى فه‌ره‌نسا دۆخى عیراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هۆشدارى دا له‌وه‌ى هێرش و په‌لاماره‌كانى ئه‌م دوایییه‌ى داعش، مه‌ترسیى ڕاسته‌قینه‌ن بۆ سه‌ر ئارامى و سه‌قامگیریى عیراق و ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشى جیهانیش ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ پشتگیریى كۆمه‌ڵگه‌ و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان پته‌وتر بكرێن و عیراق و هاوبه‌شانى پێكه‌وه‌ كارى جددیتر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و له‌ناوبردنى بكه‌ن.

له‌ میانى پێشوازى و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئێریك شوڤالیێ باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عیراق كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2021/12/5 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها ڕاسته‌ڕێكردنى پرۆسه‌ى سیاسى له‌ وڵات و بوونى سه‌قامگیریى سیاسى به‌ پێویستییه‌كى له‌پێشینه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تێكشكاندنى یه‌كجاره‌كیى داعش له‌ قه‌ڵه‌م دا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز ئۆلیڤیێ دیكۆتینى، كونسولى گشتیى فه‌ره‌نسا و به‌رپرسان له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانیش ئاماده‌ بوون، دوا پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌كانى عیراق، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و په‌سه‌ندكردنى ئه‌نجامه‌كانى، هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى فیدراڵى عیراق و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تیكشاندنى داعش، هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى سه‌ربازیى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عیراق و به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستانى پێویسته‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێز باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عیراق، وێڕاى سه‌ره‌خۆشى بۆ شه‌هیدانى ئه‌م دواییه‌ى ده‌ستى تیرۆر له‌ پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتیان، به‌رده‌وامیى هه‌موو هاوكارى و پشتگیرییه‌كى وڵاته‌كه‌ى بۆ عیراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

ده‌رباره‌ى حكوومه‌تى داهاتووى عیراقیش هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى هاتنه‌كایه‌ى حكوومه‌تێك كرده‌وه‌ كه‌ مایه‌ى ڕه‌زامه‌ندى و كۆكه‌ره‌وه‌ى هێز و پێكهاته‌كانى عیراق و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانى و داواكارییه‌كانى هاووڵاتیان له‌ ئارامى و ژیانێكى باشتر بێت، هه‌روه‌ها به‌ره‌نگارى ته‌حه‌دییه‌كانى ئێستا و داهاتوو ببێته‌وه‌ و ڕۆڵى خۆى له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌دا بگێڕێت.

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، گرنگیى یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و هاوبه‌شیى كارایان له‌ به‌غدا، په‌تاى كۆڤید_19 و لێكه‌وته‌كانى، پرسى كۆچ و دۆخى په‌نابه‌ران له‌ بیلاڕووسیا و پۆلۆنیا، ڕه‌وشى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ده‌شتى نه‌ینه‌وا و شه‌نگال، ئاماده‌یى و ڕۆڵى فه‌ره‌نسا له‌ ناوچه‌كه به‌گشى، دوایین پێشهاته‌كانى سووریا و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار