سامان شاڵی: جیهان گرنگی بە پێگەی كوردستان دەدات

هەولێر-KDP.info- لەدوای چەند هێرشێكی تیرۆریستیی چەكدارانی داعش بۆ سەر پێشمەرگە و هاووڵاتییانی سڤیل، ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپی و نەتەوە یەكگرتووەكان بەیاننامەی پشتیوانییان بۆ پێشمەرگە و كوردستان بڵاو كردەوە، شارەزایەكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیش دەڵێت، پێگەی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان بەهێزە.
سامان شاڵی، سیاسەتمەدار و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ماوەیەك بوو پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق سستیی پێوە دیار بوو، فشارێكیش هەیە ئەمەریکا دەبێت 31/12ی ئەمساڵ لە عێراق بڕواتە دەرەوە، لە بەرامبەردا دەبینی كردەوەی تیرۆریستیی داعش بەرامبەر كوردستان زیاد دەكات".
سامان شاڵی دەشڵێت: "لەدوای هێرشەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی داعش بۆ سەر پێشمەرگە، لەسەر ئاستی دەوڵەتانی ئەورووپی و ئەمەریکا بەیاننامەی پشتیوانییان بۆ پێشمەرگە و كوردستان دەركردووە، هیوادارین لە ڕووی چەكی پێشكەوتوو پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە بكرێت، تاكوو بتواندرێت شەڕی دژی داعشی پێ بكەن، چۆن دەبێت سەرەڕای ڕووخانی دەوڵەتەكەی داعش، بەڵام چەكی وا پێشكەوتوویان بەدەستەوە بێت و گرووپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان هەبێت، بەڵام پێشمەرگە چەكی وا بەهێزی نەبێت.''
''پێگەی كوردستان زۆر گرنگە، بەتایبەت ئەمەریكییەكان جوگرافیای كوردستانیان زۆر لا گرنگە و دەیانەوێت كوردستانێكی بەهێز لە عێراقدا هەبێت، دەزانن هێزی پێشمەرگە تەوازونی نەتەوەیی و سەربازیی ڕاگرتووە، بەڕوونی هەموو كات گوتوویانە هەرێمێكی بەهێزمان دەوێت لە چوارچێوەی عێراق، ئەمە پەیامی دەوڵەتانی ئەورووپی و ئەمەریکایە، پێویستە ئەو وڵاتانە فشار بخەنە سەر دەوڵەتی عێراق ماددە دەستوورییەكانی تایبەت بە خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات.'' سامان شاڵی وای گوت.
ئەو سیاسەتمەدارە دەشڵێت: "دەبێت ئێمە كار بكەین لەسەر ئەوەی ڕێژەی كورد لەناو سوپای عێراقدا بەرز بكەینەوە کە لە 9% دابەزیوە بۆ 1%، گرنگە بتوانین بودجەی پێشمەرگە مسۆگەر بكرێت و مافە دەستوورییەكانمان جێبەجێ بكرێت لەناو سوپای عێراقدا.''
سەبارەت بە هۆكاری دەركردنی بەیاننامەی پشتیوانی بۆ پێشمەرگە و حكوومەتی كوردستان، لەلایەن دەوڵەتانی ئەورووپی و ئەمەریکا و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە سامان شاڵی گوتی: ''كوردستان نەك تەنها لەسەر ئاستی عێراق، پێگەیەكی دیاری هەیە، لەسەر ئاستی دنیاش لە بواری ئاسایش و پێكەوەژیان و وەبەرهێنانەوە زۆر گەشەی كردووە، لەبەر ئەوەیە دەیانەوێت بە هەر شێوەیەك بووە بیپارێزن، بەڵام دەشبێت هەنگاوی كرداری بنێن و چەكی پێشكەوتووی وا بە پێشمەرگە بدرێت كە لە كاتی كشانەوەی ئەواندا بەرگری لە خۆمان بكەین، ئەوە دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتان هەموو ئەگەرەكانیان بخەنە بەردەم.''
گوتیشی: ''لە ڕووی پێگەی دیپلۆماسییەوە زۆرباش پێشكەوتووین، بەتایبەت دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تواندرا ئەو گەمارۆیەی لەسەر هەرێم بوو بیشكێنین و گەڕاینەوە سەر شانۆی دیپلۆماسیی جیهانی، لە هەموو دەوڵەتان پێشوازیی گرنگ لە وەفدە باڵاكانی كوردستان دەكرێت، لەم ماوەیە بڕیارە سەرۆكی هەرێم سەردانی ئەمەریکا بكات و پێشوازییەكی گەورەی لێ دەكرێت و ئەمەریکا گرنگییەكی گەورەیان داوە بە هەرێمی كوردستان، گرنگە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لە ڕووی سەربازی و ئابووری و كۆمەڵایەتیشەوە پەرەی پێ بدرێت، تاكوو چەند بتوانین لە ڕووی ئابوورییەوە ئەو دەوڵەتانەی پەیوەندیمان لەگەڵیان هەیە، بێن و وەبەرهێنان بكەن، بۆ ئەوەی هەر ڕووداوێك بێتە پێشەوە دێنە سەرخەت و پشتیوانی لە بەرژەوەندیی خۆیان دەكەن کە كۆمپانیاكانیانە لە كوردستان".
عەزیز ڕەسووڵ




