قوتابخانەی گوندی خدر جیجە بە ناوی شەھید بارزان کرا

مەخموور-KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور رایگەیاند، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی و لەسەر داوای وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوتابخانەی گوندی خدر جیجە بە ناوی شەھید بارزان کرا، کە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش گیانی خۆی کردە قوربانیی خاک و نیشتیمان.
ڕەسووڵ محەمەد ئەمین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، لەسەر فەرمانی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوتابخانەی گوندی خدر جیجە، کە پێش دوو رۆژ داعش ھێرشی کردە سەری و کۆمەڵێک ھاووڵاتی و پێشمەرگە شەھید بوون، لەنێویاندا قوتابی بارزانی تەمەن ١٠ساڵان ھەبوو کە پۆلی چواری سەرەتایی بوو لە کاتی بردنی فیشەک بۆ برایەکەی کە شەڕی داعشی دەکرد، گوللەیەکی قەنناسی بەرکەوت و شەھید بوو، بۆیە وەکو رێزێک لە خوێنی ئەو شەھیدە، ئەمڕۆ بە فەرمی ناوی قوتابخانەکە گۆڕدرا بۆ قوتابخانەی شەھید بارزان، چونکە ئەو خوێنی خۆی کردە قوربانیی خاک و نیشتیمان.
بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور ڕوونیشی کردەوە، قوتابخانەکە شەش پۆلی بووە و سەرەتایی بووە، ئەو قوتابییە لەوێ دەیخوێند زۆر بەڕەوشت و زیرەک بووە لە خوێندنەکەی و، لەو شەڕەشدا مەردایەتییەکی زۆری تێدا بووە، کە لەو شەڕە سەختەدا رۆیشتووە ھاوکاریی برایەکەی کردووە دژی تیرۆریستانی داعش، بۆیە بەداخەوە شەھید بووە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد: "من خۆم چەندین جار سەردانی قوتابخانەکەم کردووە، ئەو قوتابییە زۆر رێکوپێک و بەڕەوشت بووە و لە وانەکانیشی زۆر زیرەک بووە و گرنگی بە خوێندنی خۆی داوە، بەڵام لەو ھێرشەی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجە شەھید کراوە، بۆیە وەزارەتی پەروەردەش وەک رێزێک لە خوێنی شەھیدان، قوتابخانەکەی بە ناوی ئەو شەھیدەوە کرد".
بڵند ئیبراھیم




