وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی: ٩٠%ی پرۆسەی چاکسازی تەواو بووە

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەردەوامە و تا ئێستا ئەوەی پەیوەست بە فەرمانبەرانە ٩٠%ی تەواو بووە و ئەوەی کەمئەندامانیش کاری زۆر باشی تێدا کراوە.
بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زەکیە سەید ساڵح، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: چاکسازییەکانی ئێمە دوو لایەن دەگرێتەوە، یەکەم دۆسیەی فەرمانبەران کە ٩٠%ی جێبەجێ کراوە و تەنھا ھەندێک فۆرمی کۆتایی ماوە بۆمان بگەڕێتەوە و چاوەرێی ئەو فۆرمانەین، دوای ئەوە تەواو دەبێت و ڕەوانەی دەکەین بۆ لایەنی پەیوەندیدار، چونکە پێداچوونەوەمان بە دۆسیەکانیاندا کردووە و ئەوەی پلەیەکی هەبێت، یان مووچەیەکی زیادی وەرگرتبێت، یان کەمتر، ھەموومان کردووەتە تێبینی و دەیدەن بە لایەنی پەیوەندیدار.''
زەکیە سەید ساڵح گوتیشی: ''ئەوانەی نایاسایین، یان پلەیەکیان وەرگرتبێت، زۆر کەمە ئەمە تەوەری دۆسیە بوو، بەدواداچونمان بۆ تەوەری کەمئەندامانیش کردووە و ئەوانەی پێشتر ھاوکارییان وەرگرتووە، لای ئێمە دوو جۆرن؛ جۆرێک ھاوکاری وەردەگرن و فەرمانبەر نین و ئەوانەی دیکە فەرمانبەرن و ھاوکاریش وەردەگرن. ئێمە بۆچوونێکمان ھەبوو کە ئەوانەی فەرمانبەرن مووچە و ھاوکارییەکەیان ببێتە دەرماڵەیەک و بچێتە سەر مووچەی مانگانەکەیان و ئەو ڕێنماییە لە وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە، بەڵام وەزارەتی دارایی داوای کرد، پێکەوە دانیشین و ڕێنماییەکی یەکگرتوو دەر بکەین بۆ ئەو کەمئەندامانە، بۆیە چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەکەین تاکوو ڕێنمایی تازە دەر بکەین، ئەوانەی فەرمانبەر نین، پێداچوونەوە بە لیستەکانیاندا دەکەین و زۆرێک ناوەکانیان دەرھێندراوە، ئەوانەیشی چوونەتە دەرەوە، یاخود کۆچی دوایییان کردووە، یاخود زیاتر لە جارێک ناویان ھەیە، لەڕێگەی سیستەمی بایۆمەترییەوە دیار بووە ھەندێک زیاتر لە جارێک سوودمەندن، بۆیە لە پرۆژەی چاکسازیدا زیاتر لە جارێک سودمەندبوون، نایاساییە و ھەندێکیش لە جارێک زیاتر سوودمەندن و یاسایین، ئەوانەی نایاسایین ناوەکانیان دەردەھێندرێت و ئەوانەی دیکە دەمێننەوە.''
ساڵح باسی لەوەش کرد: ''سەنتەرێکی دەستنیشانکرکردنی کەمئەندامان لە ھەولێر دادەمەزرێت و بۆ ئەو سەنتەرە ڕێنماییی پێویست دەرکراوە و دەرخستە دەرکراوە بۆ کەلوپەلی پێویست بۆ سەنتەرەکە و شوێنیشی بۆ دیاری کراوە، چونکە ھەندێک ھێزی ناوخۆ لەو شوێنە ھەیە بۆ ئەوەی ڕێکاری دیکە بگرینە بەر، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیدایە، بۆیە کە شوێنەکە چۆڵ بکرێت، دەست بە دامەزراندنی سەنتەرەکە دەکرێت.''
بڵند ئیبراھیم




