"حکوومەتی عێراق سەرسامە بە پڕۆژەکانی کارەبای ھەرێم"

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی ئەنجامی سەردانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێم بۆ بەغدا دەکات و دەڵێت: ''بەغدا زۆر سەرسامە بە پڕۆژەکانی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەیانەوێت سوود لە ئەزموونی ئێمە وەربگرن و پڕۆژەی ھاوشێوە دروست بکەن، وەکوو پێوەری زیرەک و سوودوەرگرتن لە غازی بەفیڕۆچوو و بڕیاریشە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن، چونکە ئێمە زۆرمان ھاوکاریی ئەوان کردووە.''
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: ''سەردانی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دوای سەردانی وەزیری کارەبای حکوومەتی عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان ھات لە چوارچێوەی ئەو ھەماھەنگییەی ھەیە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و بەغدا، بەتایبەت ئەو پلانە ھاوبەشانەی ھەمانە لە ماددەی ١٤٠ بۆ ئەوەی ھاوکاریی زیاترمان بکەن، چونکە ئێمە کاری باشمان بۆ ئەوان کردووە لە مەخموور و ئەلقووش و ناوچەکانی دیکە و بەردەوامین لە ھەماھەنگی لەنێوان ھەردوولادا، کاتێک ئێمە، یان ئەوان پێویستمان بە وەزە ھەبێت.''
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: ''سەردانەکە ئەنجامێکی باشی ھەبوو و ھەندێک داواکاریمان ھەبوو بە نووسراو دامان بە ئەوان و ئەوانیش سوپاسی ئێمەیان کرد و زۆر سەرسام بوون بە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت پێوەری زیرەک و سوودوەرگرتن لە غازی بەفیڕۆچوو، ئەوەی کە بێکەڵکی لە سامان دەڕوات، کە لە گەرمیان ئێستا ١٦٠ مێگاوات لەوە کارەبا بەرھەم دێنین و ئەوان ئەوەیان وەکوو نموونە وەرگرتووە بۆ ئەوەی کەڵک لە ھەمان شێوازی ئێمە وەرگرن.''
ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ''لەو چوارچێوەیەدا ئەو وەزەیەی وەبەرھێنەرەکان داویانە بە دەرەوە لە کاتێکدا ئێمە سووتەمەنیمان نەبوو، وەحدەکان وەستا و ئەو ڕێگەیەمان داوە بە وەبەرھێنەرەکان و ھەرکاتێک وزەی زیادمان ھەبوو، سروشتیە بیدەین بە ئەوان و بیدەین بە شێوینی دیکە و ئەگەر وزەمان پێویست بوو لە شوێنی دیکە ھاوردەی دەکەین، وەکوو ئەوەی لە تورکیا ھێنامان، لە شوێنک وزە پێویست بێت وەریدەگرین و ئەگەر زیاد بوو دەیدەینە دەرەوە.''
گوتیشی: ''خۆمان بۆ وەرزی زستان ئامادە کردووە، دوو وەحدەمان لە خەبات ھەیە و یەکێک لە ھەولێر و ھەندێک چاکسازی لە وەحدەکان دەکەین و ئەو وێستگانەی لە کۆن تەواو نەبوون بەردەوامین لە تەواوکردنیان، بۆیە ئێستا ٣ ھەزار و٥٠٠ مێگاواتمان ھەیە و بڕیارە بۆ وەرزی زستانیش زیاتری بکەین.''
بڵند ئیبراھیم




