سەعید خالید: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریدایە و دەبێت کورد ناوماڵی خۆی ڕێک بخاتەوە

هەولێر -KDP.info- جێگری سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، باس لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و یەکگرتوویی کوردی و پێویستیی دەستوور و پشتیوانیی چاکسازی و پەیوەندیی کوردستان و بەغدا دەکات.
سەعد خالید، جێگری سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: "ناوچەكە لە ئاڵوگۆڕدایە و لە ماوەیەكی نزیكدا لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دیزاینی نوێ هەنگاو دەنێت و، لەسەر ئاستی عێراقیش لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا بەدیار كەوت، ئەو ئەقڵیەتەی لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوو لە بەغدا حاكم بووە، ئەقڵیەتی مەركەزیەت و تاواندنەوەی پێكهاتەكانە و ئێستاش لە بەغدا هەمان ئەقڵیەت حزووری هەیە، هەرچەندە گەلی كورد دەنگی دا بە دەستووری نوێ، پێمان وابوو عێراقی نوێ لەسەر ئەساسی شەراكەت و تەوازن و تەوافق بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەم مەبدەئە كاری پێ نەكرا، كاتێك دەستوور ناوبژیوانە لە نێوان ئێمە و حكوومەتی ناوەندی تایبەت بە مافەكانی گەلی كورد، كۆمەڵێك لادانی گەورە و پاشەكشێ كراوە لەسەر دەستوور.''
ئەگەر هێزە سیاسییەكانی كوردستان بیانەوێت هاوسەنگی بگێڕنەوە و پێگەی كورد بەهێز بكەن، ئەو كێشانەی هەمانە لەگەڵ بەغدا لە بەرژەوەندیی كورد بشكێتەوە لە چوارچێوەی ماددە دەستوورییەكان، تاكە چەك و هێزی دەستمان یەكگوتاری و ئاڕاستە و هەڵوێستی سیاسییە، دەكرێت لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان جیاوازی هەبێت و لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەبێت، بەڵام ئەو بابەتانەی پێوەستە بە مافەكانی كورد، دەبێت بەڕاستی هێزە سیاسییەكان لەوپەڕی چەپ تاكوو ئەوپەڕی ڕاست، بە ئیسلامی و عیلمانی، بە یەك سیاسەت و ئاڕاستە لە چوارچێوەی یەكگوتاریی سیاسی كاری لەسەر بكەین، ئۆباڵی سیاسی دەكەوێتە سەر هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی ئەمڕۆ، لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستان ڕۆڵیان هەیە کە تەقسیری نەكەن لە ئەركی ڕزگاریی نیشتمانی، بابەتی یەكگوتاری بابەتێكی زۆر حەیاتی و چارەنووسسازە".
سەعید خالید دەڵێت: "ئەو هەلومەرجەی كوردستانی پێدا تێ دەپەڕێت، زەمینەی دروستكردنی فڕاكسیۆنێكی كوردستانیی نییە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو پێوەندییەكی ناتەندروست هەبوو لە نێوان حزبەكاندا، ئەوەش وای كردووە ئاسان نەبێت ئەو حزبانە لەسەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی و نەتەوەییش كار بكەن، بەڵام دەكرێت لە بەغدا چوارچێوەی یەكگوتاری كار بكەن ئەگەر نەشتوانن یەك فڕاكسیۆنی كوردی دروست بكەن، هێزی كورد ئەوەندە لە ژمارەی كورسییەكانیدا نییە کە لە یەكگوتاریی سیاسەتی هاوبەشدایە لە بەغدا، چۆن شیعەكان دوای هەموو جیاوازییەكانیان ڕێك دەكەون لەسەر كاندیدێك و بەهێزەوە دێنە پێشەوە، پێویستە لایەنە كوردییەكانیش بەتایبەت ئەو حزبانەی شانسی بردنەوەی كورسییان هەبوو بۆ بەغدا، بەرژەوەندیی باڵای گەلی كورد وایان لێ بكات، جیاوازییەكانی ناوخۆی كوردستان وەلاوە بنێن و بۆ بەغدا بە یەك ئاراستەی سیاسی بچنە پێشەوە".
جێگری سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان گوتیشی: "سەرۆكایەتیی هەرێم لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، دۆخی سیاسیی كوردستان لە نێوان حزبەكان توانیویەتی هێز و لایەنە سیاسییەكان لە چواردەورەی خۆی كۆ بكاتەوە، پێویستە ئەو دامەزراوەیە وەك دامەزراوەیەكی نیشتمانی، بۆ داهاتووش ئەو ڕۆڵە ببینێت، كاتێك بە یەك مەسافە سەیری هەموو لایەنە سیاسییەكانت كرد، ڕۆڵی كۆكەرەوە ببینێت لە نێوان هێزە سیاسییەكان، تاكە دامەزراوەیەك و ئومێدێك توانیبێتی هەموو پێكەوە كۆ بكاتەوە سەرۆكایەتیی هەرێم بووە، قۆناخی ئێستەش دەخوازێت سەرۆكایەتی هەرێم بە مرورەتێكی زیاتری نیشتمانی و نەتەوەیی ڕۆڵی كۆكەرەوەی هەموو هێزەكانی هەبێت، تاكو هەموو لەسەر بەرژەوەندییەكانی باڵای خەڵكی كوردستان كۆك بن".
''ئێمە وەك حزبی زەحمەتكێشان ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنیش بین هەمووكات پێمان خۆشە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نموونەی سەركەوتووترین حكوومەت بێت لە دنیا، ئێمە تێ دەگەین لە سروشتی قۆناخی سیاسی، ئێمە میلەتێكی بێدەوڵەتین لەبەردەم تەواوكردنی ئەركەكانی ڕزگاری نیشتمانیداین، بۆیە پێمان خۆشە حكوومەتەكەمان بەهێز بێت، وڵاتانی دنیا پشتگیریی حكوومەتی كوردستان دەكەن لەو ڕوانگەیە تەجروبەیەكی دیموكراسی بیت لە ناوچەكە، ئێمە وەك زەحمەتكێشان پشتگیری لە هەموو هەنگاوەكانی چاكسازی دەكەین، بۆ ئەوەی پشتیوانی قەزییەكە زیاد بكەین و یەكگرتوویی لەناو كوردستان مسۆگەر بكەیتەوە، دەبێت حكوومەت لە هەموو كات زیاتر لەسەر پرسی چاكسازی ڕابوەستێت، ئایندەیەكی گەش تەنها چاكسازییە ئەوەش زەڕەیەك ئینتییمای هەبێت بۆ میلەتەكەی پشتیوانی چاكسازی دەكات.'' سەعید خالید وای گوت.
زیاتر دەڵێت: "كوردستان لە ڕابردووش پێویستی بە دەستوور هەبووە، دەستوور بە بڕوای ئێمە ڕێكخستن بۆ موئەسەساتەكان دەكات و دەسەڵاتەكان ڕێك دەخات، پێوەندیی دەسەڵات و هاووڵاتی دیاری دەكات، دەستوور بۆ گەلێك، قەوارەیەكی سیاسی و دەستووریی هەیە تەكمیلەی قەوارە دەستوورییەکەیەتی، ئێمە خوازیارین حزبەكان لەسەر هەمووشت خیلافیان هەبێت لەسەر ببینە خاوەن دەستوور و خیلافیان نەبێت، وەك حزبی زەحمەتكێشان داوا دەكەین هەموو هێزەكان لەسەر دەستوور ڕێك بكەوین، دەستوور دەبێتە كۆڵەگەیەكی سەرەكیی قەوارەی كوردستان".
گوتیشی: "ڕۆڵی جەنابی كاك مەسعود بارزانی بەتایبەتی ئێستا و دوای وەفاتی سەركردە دیارەكانی شۆڕشی كورد، ڕۆڵێكی گرنگە و خەڵكی هەر چوارپارچەی كوردستان چاوەڕوانییان لە بەڕێزیان ئەوەیە لە سەرەوەی حزبەكان، ڕۆڵی گرنگی هەبێت لە كۆكردنەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكان".
عەزیز ڕەسووڵ




