٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەکتەبی (پ. د. ک) لە قاهیرە میوانداریی قوتابیانی زانکۆی ئەزهەر دەکات

سەرچاوە: KDP.info

قاهیرە-KDP.info- لە درێژەی کار و چالاکییەکانیدا، مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی قوتابیانی قۆناغی یەکەم، کە بەم دواییە لە کۆلێژە جیاوازەکانی زانکۆی ئەزهەر وەرگیراون، ئێوارەخوانێکی بۆ کۆمەڵێک لە قوتابیانی کورد و عەرەب ساز کرد.

قوتابیان لە لایەن شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە وێڕای بەخێرهاتنیان، ئیدانەی کارە تیرۆریستییەکەی شەوی 3ی 12ی کرد کە تیرۆریستانی داعش هێرشیان کرد و بەو هۆیەوە چەند پێشمەرگە و هاووڵاتی شەهید بوون، دواتر هیوای بۆ قوتابیانی نوێ خواست کە سەرکەتوو بن و بڕوانامەی بەرز بەدەست بێنن و بگەڕێنەوە خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن.

لە درێژەی وتەکەیدا، بەرپرسی مەکتەبی پارتی داوای لە قوتابیان کرد کە ببنە نوێنەری راستەقینەی وڵاتەکەیان و پابەندی یاسا و رێنماییەکانی زانکۆکان و میسر بن و خۆیان لە گرفت و کێشە بپارێزن و بۆ هەموو قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆ  بسەلمێنن، کەوا کوردستان شوێنی تەبایی و پێکەوەژیانە. هەروەها گوتی، ئەو قوتابیانەی لە میسر دەخوێنن، چانسێکی باشیان هەیە، چونکە وڵاتی میسر هەموو ئاسانکارییەکی بۆ قوتابیانی عێراق بە گشتی و کورد بە تایبەتی کردووە و رێز لە هاووڵاتی کورد دەگرن، بۆیە گرنگە رێز لەم وڵاتە بگرن.

شایانی باسە، ئەمساڵ ١٦ قوتابیی کورد دەرچووی ئامادەیی ئەزهەر لە هەولێر، لە زانکۆی ئەزهەر قەبووڵ کراون و سەرەتا گرفت و کێشەیان هەبوو بۆ ڤیزا، بەڵام مەکتەبی پارتی بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆز و کۆنسووڵی عێراقی کێشە و گرفتەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی میسری بۆ چارەسەر کردن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار