ڕووسیا لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە چی بە کوردەکانی ڕۆژئاوا گوت؟
__2021_12_02_h17m17s13__HK.jpg)
مۆسکۆ-KDP.info- شارەزایەکی سیاسەتی ڕووسیا دەڵێت، ڕووسیا وڵاتێکی گەورە و گرنگی جیهانە و دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و نزیکدا پیگە و نفووزی هەبێت و پێشتر ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە و ئێستاش دەیەوێت ئەو ڕۆڵە زیاتر پەرەی پێ بدرێت و، لە ڕابردوودا بەگرنگییەوە تەماشای هەرێمی کوردستان کردووە و ئێستاش بە هەمان شێوەیە.
د. ئەکرەم ئۆنەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیمەکراتی کوردستانی گوت: ''ڕۆژهەڵاتی ناڤین بۆ ڕووسیا زۆر گرنگە، عێراق لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە تا ساڵەکانی شەست و تا کۆدەتایی عەبدولکەریم قاسم لەدەست ئینگلیزەکاندا بوو و ئەوان خاوەن نفووز بوون، دوای کۆدەتای ساڵی ١٩٥٨ی عەبدولکەریم قاسم، بارزانی نەمر لە سۆڤیەت گەڕایەوە، ئێدی عێراق خۆی نزیکی کوردەکان کرد، تاوەکوو لە ڕیگەیی کوردەوە لە ڕووسیا نزیک بێت، دوای هاتنی ڕژێمی سەددام و دەرکەوتنی ئینگلیز لە عێراق، سەددام حسێنیش خۆی نزیکی ڕووسیا کرد، دوای نەمانی سەددام ئەمەریکا و وڵاتانی تر گەڕانەوە نێو گۆڕەپانی عێراق و ڕۆڵی خۆیان بەهێز کرد و ڕۆڵی ڕووسیا لاواز بوو، بەڵام ئێستا ڕووسیا دەیەوێت ئاراستەکە بگۆڕدرێت، ئینگلیزەکانیش دەیانەوێت لە عێراق ڕۆڵیان هەبێت و، لێرەدا ڕۆڵی کورد گرنگە، چونکە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هاوکێشەکان گۆڕدران و پەیوەندییەکانی ڕووسیا و کورد، بەتایبەت پەیوەندییە ئابوورییەکان بەهێزتر بوون، بەتایبەت لە دەرخستنی نەوتی هەرێمی کوردستان و بەبازاڕکردنی بۆ بازاڕە جیهانییەکان.''
ئەو ئاماژەیشی دا: ''ڕووسییا دەیەوێت بچیتە نێو قووڵاییی سیاسیی عێراقەوە و لەژێر دەستی ئینگلیز و وڵاتە ئەوروپییەکانی دەربێنێت، هەروەها بە ئەو ڕێککەوتنەی هەرێمی کوردستان و ڕۆسنەفتیش، هەرێمی کوردستان ویستی پەیوەندیی لەگەڵ ڕووسەکان هەبێت و بەکردەوەش نزیکی ڕووسەکان بووەوە، چونکە کورد ویستی نەفتەکەی بچێتە بازاڕەکانی جیهان و بۆ ئەوەش گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە نە ئینگلیزەکان و نە برێتیش پیترۆلیوم و نە ئیکسۆن موبێل ناتوانن نەوتی کوردستان ڕەوانەی بازاڕی جیهانی بکەن، چونکە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و بریتانیا لەگەڵ تورکیا خراپ بووە و هەرکاتێک تورکیا ویستبای دەیتوانی کێشە بۆ نەوت دروست بکات، بۆیە کورد گەیشتە ئەو قەناعەتەی ڕووسیا پەیوەندیی لەگەل کورد و تورکیا باشە و دەتوانێت بەئاسانی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بازاڕی جیهانی بکات، بۆیە کورد ڕێگای دروستی هەڵبژارد.''
ئۆنەن گوتیشی: ''ڕووسیا ستاتۆی هەرێمی کوردستانی قبووڵە و بە کوردانی ڕۆژئاواش دەڵێت ببنە نموونەی هەرێمی کوردستان، بەو شێوەیە ئێوەش دەتوانن سەر بکەون، چونکە ڕووسیا هەرێمی کوردستان بە نموونەیەکی کوردی دەبینێت و هاتنی بۆگدانۆڤ بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و چەندین جار بۆگدانۆڤ گوتوویەتی دەبێت کوردانی ڕۆژئاوا ڕێچکەی هەرێمی کوردستان بگرن، بەڵام بەداخەوە سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا نەیانتوانی ئەو ڕێچکەیە بگرن.''
کــاروان بــاعەدری




