٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان: حکوومەتی ھەرێم پلانی باشی ھەیە بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی زۆر باشی داناوە بۆ ئەوەی لەپاڵ داھاتی نەوت، سەرچاوەکانی داھات زیاد بکرێت لە ڕووی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و کەرتەکانی دیکەوە، چونکە خاک و ئاو و ھەوایەکی باشی ھەیە بۆ ئەوەی سوودێکی زۆر باشی لێ وەربگیرێت.

سەرۆکی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان، ئەمیر قەساب، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئابووریی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانیش زیاتر لەسەر داھاتی نەوتە، بەڵام پێویستە تەنھا پشت بە نەوت نەبەستین و پشت بە زیادکردنی سەرچاوەی دیکەش ببەستین، بۆ ئەوەی بتوانین سەرچاوەکان زیاد بکەین، چونکە ھەرێمی کوردستان خاوەنزەوییەکی زۆر باشە و خاوەن ئاوێکی زۆرە و ئەگەر بەرنامەیەکی کشتوکاڵ ھەبێت و سەرچاوە ئاوییەکان بەکار بێنین، دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ زیادبوونی داھاتی ھەرێمی کوردستان.''

ئەمیر قەساب گوتیشی: ''بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی ڕێکخراوی خۆراکی جیھانی، لە ھەرێمی کوردستان ناوچە ھەیە چوار وەرزە بۆ کشتوکال دەبێت و ئەوەش زۆر گرنگە، بۆیە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو ڕوویەکەوە دەتوانێت سوود لە خاک و ئاو و ھەواکەی وەربگرێت.''

قەساب باسی لەوەش کرد: ''جگە لەوەش دەتواندرێت سوود لە سروشتی جوانی کوردستان وەربگرین بۆ گەشت وگوزار، بۆیە کە ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی پێ دەدات وا دەکات ڕێژەی گەشتیاران لەوەی ئێستا زۆر زیاتر بکات و ئەویش ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داھاتی ھەرێمی کوردستان.''

سەرۆکی سەندیکای ئابووریناسانی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەو سەرچاوانە دەکات کە ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە و پێویستە گرنگیی زیاتریش پێ بدرێت بۆ ئەوەی تەنھا نەوت داھات نەبێت و سەرچاوەی داھات زۆر زیاتر بکرێت.''

ئەمیر قەساب ڕاشیگەیاند: ''دەتواندرێت جگە لەوە، سوود لە کانزاکانیش وەربگرین و ژمارەی کارگەکان زیاتر بکرێت، بۆ ئەوەی لەڕووی پیشەسازییەوە پێش کەوین، چونکە دەرفەتێکی باش ھەیە بۆ ئەوەی ھەموو کەرتەکان پێش بخرێن.''

ئەوەشی خستەڕوو: ''ئەوەی دەستەی وەبەرھێنان کردوویەتی و بۆ پێنج ساڵی داھاتوو بەسەر چەند کەرتێکدا دابەشی کردووە، کارێکی زۆر باشە، چونکە بۆ ھەر شوێنێک دیاریی کردووە کە چ کارێکی لێ ئەنجام بدرێت لەڕووی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و کەرتەکانی دیکەوە، بۆیە ئەمە زنجیرەیەک کار دەکرێت و درێژخایەنە و ئەمە بە ڕۆژێک ناکرێت، بۆیە بەو شێوەیە بەردەوام بێت ھەموو کەرتەکان پێش دەخرێت و لە کۆتاییدا دەبنە سەرچاوەی داھاتی زۆر باش بۆ ھەرێمی کوردستان لەپاڵ داھاتی نەوت، چونکە پلانی باش ھەیە، ئەگەر کێشەی بۆ نەیتە پێش، بۆیە بینیمان لە ماوەی ڕابردوو کۆمەڵێک قەیران پەیدا بوون و وای کرد ھەندێک کار نەکرێت، بۆیە ھیوادارین کێشە دروست نەبێت و حکوومەت بتوانێت پلانەکانی جێبەجێ بکات.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار