٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كچە ئێزدییەكە لەبەر تیشكی خۆر دەبەستێتەوە تاوەكوو گیان لە دەست دەدات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دادگای باڵای فرانكفۆرت، لە ٣٠ـی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ سزای زیندانیكردنی هەتاهەتایی بەسەر تەها جومەیلی، ئەندامی پێشووی داعشدا سەپاند، بە هۆی ئەوەی تۆمەتبارە بە كۆیلەكردنی منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵانی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٥دا، دواتریش زیندانیكردن و جێهێشتنی تا ئەو كاتەی كە بە هۆی برسێتی و تینوێتییەوە گیانی لە دەست داوە.

لەو بارەیەوە، ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزدییان دەڵێ، ئەو بڕیارەی لە دادگای فرانكفۆرت دەرچوو، بڕیارێكی گرنگی دادپەروەرانەیە، كە لە ماوەی حەوت ساڵی جینۆسایدی ئێزدییاندا، ئێزدییەكان چاوەڕوانی بوون و موژدەیەكی گەورە بوو.

تەها جومەیلی، تەمەن ٢٩ ساڵ، كەسێكی بە ڕەگەز عێراقییە و لە ساڵی ٢٠١٣ـوە پەیوەندی بە ڕیزەكانی داعشەوە دەكات و چەندین پلە و پۆستی جیاواز لە نێو داعشدا وەردەگرێت. تەها هاوسەرگیریی لەگەڵ كچێكی ئەڵمانی پێك هێنابوو بە ناوی جینیفەر دەبلیو و لە ساڵی ٢٠١٥ـدا ئافرەتێكی ئێزدی و كچەكەی بە كوێلە دەگرێت و كچەكە بە هۆی گەرما و تینوێتییەوە گیان لە دەست دەدات.

دواتر لە ساڵی ٢٠١٩ـدا تەها جومەیلی لە یۆنان دەستگیر دەكرێ و ڕەوانەی ئەڵمانیا دەكرێ و لەوێوە دەست بە دادگاییكردنەكە دەكرێت و پاشان هاوژینەكەیشی لە ئەڵمانیا بە تۆمەتی هاوكاری، كە دەستی هەبووە لە مردنی ئەو كچەدا، دادگای ئەڵمانیا بە ١٠ ساڵ زیندانی سزای دا.

داواكاری گشتیی ئەڵمانیا ڕایگەیاندبوو، تەها جومەیلی و جینیفەری هاوژینی، كڕین و فرۆشتن و بەكۆیلەكردنیان بەم خێزانەی ئێزدی و چەندین خێزانی تری ئێزدی كردووە.

ئافرەتە ئێزدییەكە و كچەكەی دەیانویست پەیڕەوی ئایینی خۆیان بكەن، بەڵام تەها جومەیلی ڕیگری لێدەكات و رۆژانە چەندین جار ئەشكەنجەیان دەدەن، منداڵە ٥ ساڵییە ئێزدییەكە لە ترسان بە خۆیدا دەمیزێت و دۆشەكەكە تەڕ دەكات، تەها جومەیلیش وەك سزایەك كچەكە لەبەر گەرمای تیشكی خۆر دەبەستێتەوە، تاوەكوو گیان لە دەست دەدات، ئەمەش بەپێی قسەكانی داواكاری گشتی.

رۆژی دادگاییكردنەكەی تەها جومەیلی؛ دایكی كچەكە و پارێزەران ئەمەل كلۆنی و ڤۆن ڤیستینهاوزن، نوێنەرایەتی و پارێزەرایەتی بۆ ئەو كچە لە ئەستۆ دەگرن، كە بە هۆی گەرما و تێنوێتییەوە گیانی لە دەست دابوو و حوكمی هەتاهەتاییش بەسەر تەها جومەیلیدا سەپێندرا و ئەمەش كاردانەوەیەكی گەورەی جیهانیی بە دوای خۆیدا هێنا و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش هاتە سەر هێڵ و بە هەنگاوێكی گرنگی لە قەڵەم دا.

هەر لەو بارەیەوە، حسێن قاسم حەسوون، ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزدییان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێزدییەكان چاوەڕوانی ئەوە بوون بڕیارێكی وەها دەربكرێت، كە خۆشبەختانە لە لایەن دادگای باڵای فرانكفۆرتەوە ئەم كارە كرا و داعشەكە دادگایی كرا، كە حكوومەتی ئەڵمانیا شارەزاییەكی باشی لە دادگاییكرنی تاوانباراندا هەیە".

حەسوون گوتیشی: "ئەڵمانیا مەبدەئێكی یاسایی هەیە، لە یاسای سزادان (قانون العقوبات) وڵاتی ئەڵمانیا ماف بە هەموو دادگاكانی وڵاتەكەی دەدات هەموو كەسێك كە تاوانی كردبێت، خۆ ئەگەر خەڵكی ئەڵمانیاش نەبێ و تاوانی لە ئەڵمانیاش ئەنجام نەدابێ، دادگاكانی ئەڵمانیا مافیان هەیە و دەتوانن بەپێی بەڵگەكان تاوانباران دادگایی بكەن، دادگاییكردنی تەها جومەیلیش بە نموونە".

ڕاویژكاری سەرۆكی هەرێـم دەشڵێ: "ئەم دادگاییە بەپێی هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان ئەنجام دراوە و پەسەند كراوە، هەموو لێكۆڵێنەوەكانیش ڕاست و دورستن، هەروەها بڕیارەكانی هەموو بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكانن و دادگاییكردنی ئەم داعشانەش بە هاوكاریی تیمی ''یۆنیتاد'' بوو، كە ئەوان هەموو بەڵگەكانیان كۆكردبوونەوە و پێشكەشی دادگای فرانكفۆرتیان كردبوو".

پەیوەست بە قەرەبووكردنەوەی خێزانە ئێزدییەكان لەم دادگاییكردنەی داعش، حوسێن قاسم گوتی: "یەكێك لە بڕیارە گرنگەكان ئەوەیە، هەر كەسێك دادگایی بكرێت، دەبێت قەرەبوو بداتەوە، ئێستا دایكی ئەم كچە قەرەبوو دەكرێتەوە كە دەركەوت ئەمە جینۆسایدە و دادگایەكی گەورەی ئەڵمانی دانی پێدا ناوە".

ناوبراو ئاماژەشی دا: "هەرچەندە پێشتر بڕیاری سیاسی هەبوو بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییان، بەڵام ئێستا بڕیاری دادوەریشی هاتە سەر، ئەوەش دەبێتە پاڵپشتێكی گەورە بۆ كوردانی ئێزدی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش ناچار دەبێ كار بكات بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پەیڕەوانی ئەم ئایینە ڕووبەڕووی هیچ كۆمەڵكوژییەكی تر نەبنەوە و قەرەبووشیان دەكاتەوە".

هاوكات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەبارەی ئەم دادگاییكردنەی تەها جومەیلی، لە تویتێكدا بە سێ زمان رایگەیاند، دادگاییكردن و سزادانی تیرۆریستێكی داعش بە تۆمەتی جینۆسایدكردنی ئێزدییان لە ئەڵمانیا، هەنگاوێكی گرنگە، پێشوازی لێ دەكەین و هەموو پشتگیرییەك لە هەر هەنگاوێگی وا دەكەین. هیوادارین‌ هاندەری زیاتری بەجێگەیاندنی دادوەری بێت بۆ قوربانیانی ئێزدی و هەموو قوربانیانی تیرۆر.

سەبارەت بە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێم بۆ پرسی بەجینۆسایدناساندنی كەیسی كوردانی ئێزدی و پێكهاتەكانی تر، حوسێن قاسم حەسوون گوتی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێجیرڤان بارزانی، لە كابینەی پێشتردا كە سەرۆكی ئەوكاتی حكومەت بوو، لیژنەیەكی تایبەتی پێك هێنا بۆ بەجینۆسایدناسانی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی بە پێكهاتە و ئایین و نەتەوەكانی تریشەوە.

دەشڵێ، دواتر هەوڵەكان بەردەوام بوون و ئێستاش درێژەیان هەیە، هەروەها لیژنەیەكی حكوومیش پێك هێنراوە و هەموو هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامن لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ لیژنە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی تیمی یۆنیتاد.

تا ئێستا جگە لە چەندین پەرلەمانی وڵاتانی ئەورووپا، كە دانیان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا ناوە، دوو گەورەترین دەزگای جیهانی، كە ئەویش كۆنگرێسی ئەمەریكا و پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپان، دانیان بە جینۆسایدەكەدا ناوە.

 

كــاروان بــاعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار