دەكرێ كەمێك دوای بخەن؟

كەریم قادر
سوریاییەكان هاوشێوە و لەسەر ریتمی جەماوەری تونسی و میسری و لیبیایی و یەمەنیی بە دروشمی بڕوخێ رژانە سەر شەقامەكان، بەڵام تائێستا توندوتیژی و خوێن لەبەرچوون بەردەوامە و رژێم نە رووخاوە.
ئیئتیلافی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش لە بێدەنگی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بەرامبەر مووشەك بارانكردنی حەڵەب لەلایەن رژێمی ئەسەد نیگەرانە، مەعاز خەتیب ئەم بێدەنگی نواندنەی بە بەشداریكردن لە كوشتوبڕ و قەتڵوعامكردنی خەڵكی بێتاوانی سوریا لە قەڵەمدا.
توندوتیژی و رووداوە بەردەوامەكان و بێدەنگبوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر كوشتوبڕی رۆژانەدا دەریانخست دۆخی سوریا لە رژێمە رووخاوەكاندا جیاوازە. هیچ كاتێك دۆستی رۆژئاوا نەبووە، هەمیشە لە بەرەی دژ دابووە. لە ناوچەكەدا بێ پشتیوان نییە، تەنانەت لە دوو لاوە (ئێران و عێراق) بە توندی پشتی دەگیرێ، تارادەیەك ئیسرائیلیش خواست بە رووخانی ناخوازێ.
سوریاییەكان هاوشێوەی لیبیاییەكان بۆ رووخانی رژێم دەستیان دایە چەك و شەڕی بەرەیی. ئەمەش بە نۆرەی خۆی دەلیڤەیەكی بۆ گرووپ و رێكخراوە توندڕۆكان واڵا كرد، جارێكی دیكە دوای بە هیچ نەگەیشتنیان لە ئەفغانستان و عێراق نمایشی خۆیان لە سوریا بكەنەوە. ئەم نمایشە، لەلایەك دوودڵییەكی لای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروستكردووە، لە لایەكی دیكەوە لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی نیشتەجێی دەرەوە بەرامبەر سوریای داهاتوو هاوهەڵوێست نین. بۆیە ئەگەر سوریاییەكان بە نا توندوتیژی لەسەر داخوازییەكەیان بەردەوام بونایە، بە دڵنیاییەوە شتێكیان لە شێوەی یەمەن بەدەست دەهێنا، كە ئێستا هەوڵێك بەو ئاراستەیە لە ئارادایە.
كێشەی سوریا هەر یەكلایی دەبێتەوە، كە یەكلایش بۆوە سەرلەبەری ناوچەكە گۆڕانی بەسەردا دێت. هەر لەبەرئەوە ئێستا ئەمەریكا و ئێران پەلەیانە چارەسەرێك بۆ دۆخی عێراق بدۆزنەوە و راستەڕێی بكەنەوە، بەتایبەتی دوای بە دەنگهاتنی هەرێمی سونەنشین و قۆستنەوەی ناڕەزاییەكانی ئەو شەقامە لەلایەن مەلا و سەرۆك عەشیرەتەكان و پەراوێزخستنی سیاسیەكان ترسێكی گەورەی دروستكردووە، كە بەرەی شەڕ فراوانتر بێت و لە كۆنترۆڵكردن دەربچێ وەك ئەوەی ئێستا خەریكە حزبوڵڵای لوبنانیش بەرەیەكی دیكەی شەڕ دەكاتەوە.
لە كۆتاییدا، رەنگە لە دوای بە ئەنجام نەگەیشتنی دەسپێشخەرییەكەی شێخ مەعاز ئەلخەتیب، كە ئەخزەر ئیبراهیمیش پشتیوانی لێدەكات، كۆشكی سپی لەسەر رووخانی رژێمی ئەسەد بە بەكارهێنانی هێزی سەربازی قایل بێت، كە لەلایەن وەزارەتی بەرگری و ئەركانی سوپای ئەمەریكاوە ئامادەكراوە. كەواتە گۆڕانە گەورەكە بەڕێوەیە و كاریگەریش لەسەر تەواوی ناوچەكە دروست دەكات. لە پێشوازی ئەو رووداوەشدا كورد دەبێ باشتر خۆی رێكبخاتەوە، بەتایبەتی ئاماژەكان وا خۆیان هەڵدەخەن، كە لەو دۆخەی لە پێشە كورد قازانج بكات، بەڵام ئەوەش مەعلومە، كە لەسەر سینییەكی زێڕ پێشكەشی ناكرێت و بێ كێشە نابێت، بۆیە دەبێ خۆشی لەباری دا هەبێت. ئەمەش لە هەموو لایەك دەخوازێ سەرجەم وزەكان بە ئاراستەی ئەو دۆخە چاوەڕوانكراوە چەرچ بكەنەوە و جیاوازییەكانیان بەلاوە بنێن یا كەمێك دوای بخەن، چونكە بۆ وەبەرهێنانی ئەو دۆخەی بەڕێوەیە بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەوە دەخوازێ هەموو لە یەك سەنگەر دابین.




