بەڕێوەبەری سووتەمەنی: گرفتی غازمان نییە.. دابەشکردنی نەوتیش دهگاته ناوشاری دھۆک

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنیی پارێزگای دھۆک رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان کۆتایی ھاتووە و ئێستا لە دەوروبەری پارێزگا و قەزاکان نەوت دابەش دەکرێت. دەشڵێ، بۆ کێشەی غازیش، ھیچ گرفتێکی غازمان نییە و رۆژانە غازی پێویستمان پێ دەگات.
موحسین تەھا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھیچ گرفتێکی غاز دروست نەبووە و تەنھا پێش دوو رۆژ لە چەمچەماڵەوە غاز درەنگتر گەیشتە دھۆک، ئەوەش کێشە نەبوو و غازی پێویستمان رۆژانە بۆ دێت و لە گۆڕەپانەکان بە ھەشت ھەزار دینارە و لە بەردەم ماڵانیش بە ٩ھەزار دینارە، بۆیە راگەیاندن وای باس کردبوو کە کێشە دروست بووە، گەرنا ھیچ کێشەیەک نەبووە و ئەگەر کێشە ھەبێت خۆمان باسی دەکەین، بۆیە ئێستا رۆژانە ١٦٠ تۆن غازمان بەدەست دەگات".
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی دھۆک گوتیشی: "غازی بازرگانی لە سنووری دھۆک نییە و تەنھا غازی حکوومی ھەیە، مەگەر پڕۆژەیەک بۆخۆی بیکڕێت گەر نا ئێمە تەنھا غازی حکوومیمان ھەیە".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "بۆ نەوتی سپیی ماڵانیش، ئێمە لە ناوچە شاخاوییەکان تەواومان کردووە و ئێستا لە دەوروبەری قەزاکان نەوت دابەش دەکەین، کە ماوەی ھەفتەیەکە و ئێستا لە ناوچەکانی دەوروبەری گردەسێن و باتێل و کەلەکچی دابەش دەکرێت، کە لەوێش تەواو بێت، لە سنووری بەردەڕەش دەست پێدەکەین و دواتر ھەوڵ دەدەین لە سەنتەری پارێزگا و قەزاکانیش نەوت دابەش بکەین".
تەھا باسی لەوەش کرد: "تا ئێستا ئێمە لە سنووری پارێزگای دھۆک ١٣ملیۆن و ٦٥٦ھەزار لیتر نەوتمان دابەش کردووە و پێویستمان بە ٥٥ ملیۆن لیتر نەوت ھەیە و نرخی ھەر بەرمیلێک نەوتیش ٥٥ هەزار دینارە".
بڵند ئیبراھیم




