٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: ھەر کەموکووڕییەک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە ھەبێت، چارەسەر دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ھەر کەموکووڕییەک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە ھەبێت، بۆیان چارەسەر دەکرێت و ھەرچیی پێویستیشە بۆیان دابین دەکرێت.

عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای ئەوەی ھێزی پێشمەرگە ڕووبەڕووی پەلاماری داعش بووەوە و بەداخەوە پۆلێک لە ھێزی پێشمەرگە بوونە قوربانیی سەنگەرەکان و خاکی کوردستان، وەزیری پێشمەرگە و ئەمیندار و سەرۆکئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەی پیادەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجام دا و کۆمەڵێک ڕێنماییی نوێی تایبەت بە ئاگاداربوون لە دۆخی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ تیرۆر باس کرا و باس لەوە کرا ھەرچی پێویستە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی و باشترکردنی دۆخەکە، وەزارەتی پێشمەرگە بێتە سەر ھێڵ و ھێزی پێشمەرگە بپارێزێت لەو مەترسییە لابەلایانەی تیرۆریستان بۆ سەر پێشمەرگە و سەنگەرەکانی پێشمەرگە.''

عەمید عوسمان محەمەد گوتیشی: ''ھەر کەموکووڕییەک لە سەنگەرەکان و ھێزی پێشمەرگە ھەبێت، داوای لە فەرماندەی لیواکان کردووە بەخێرایی داواکاری و خواستەکانی خۆیان بۆ باشترکردنی دۆخی سەنگەرەکان پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگەی بکەن و وەزارەتی پێشمەرگەش جێبەجێیان بکات و چارەسەریان بکات.''

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار