٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیوا قارەمان: داعش توانای ھێرشی فراوانی نەماوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرشێکی تیرۆریستانی داعش خراونەتە ئامادەباشییەوە و جێگری سوپاسالاری پێشمەرگەش دەڵێت، زانیارییان ھەیە لەبارەی جووڵەی داعش و توانای ھێرشی بەرفراوانی نەماوە.

لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری میحوەری دوو کە ناوچەی قۆری چای و پەلکانە و غەرە دەگرێتەوە، داعش ھەمیشە بارەگا و جووڵەی ھەیە، لەبەر ئەوەی ناوچەیەکی فراوانە و بۆشاییی ئەمنیی ھەیە، واتە لەڕووی جوگرافییەوە شوێنەکە گونجاوە بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش تێیدا بمێننەوە و جووڵە بکەن و بەھۆی گونجاویی شوێنەکەوە چەکدارانی داعش خۆیان حەشار داوە و زۆر نزیکیش ببنەوە نایانبینی.''

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە گوتیشی: "لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پێشمەرگە کشایەوە و تیرۆرستانی داعش لەو سنوورە جێگیر بوون، داعش ھێزی ھێرشی بەرفراوانی نەماوە، بەڵام تیرۆریستان دێن لە دوورەوە لە ڕێگەی دووربینی حەرارییەوە پێشمەرگە دەکەنە ئامانج، کەمتەرخەمییش ھەیە لەلایەن پێشمەرگەوە، چونکە پێویستە خۆیان دەرنەخەن لەنێو سەنگەر بۆ ئەوەی نەبنە ئامانجی قەناس بەدەستەکانی داعش.''

لیوا قارەمان شێخ کەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لەو ھێرشانەی چەند شەوی ڕابردوو کرانە سەر ھەردوو لیوای پێنج و نۆ، ھەمان تاکتیک بەکار ھێنرابوو، لە دوورەوە پێشمەرگەیان کردووەتە ئامانج، ئەمانە زیاتر ھێرشی گەورە نین، بەڵکوو بە مەفرەزەی بچووک خۆیان دەگەیەننە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە و تەقە دەکەن، جگە لەوە داعش ئەو ھێزەی جارانی نەماوە کە ھێرش بکاتە سەر پێشمەرگە، ئەوەی دەکرێت کردەوەی تیرۆریستییە.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار