بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار پڕۆژەی نوێ جێبەجێ دەکرێن

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی داوە بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک بە گوژمەی ٣ ملیار و زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دینار .
ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر چەند پڕۆژەیەک داوە، ئەوانیش پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگای گوندی باساک لە سلێمانی بە گوژمەی ٧٣٣ ملیۆن و٧٠٠ ھەزار دینار و پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگای گوندی چنارە-زڵزەڵە لە سلێمانی بە گوژمەی ٢٧٨ ملیۆن و ٣٦ ھەزار دینار و پڕۆژەی قیرتاوکردنی ڕێگای سەرسیر بۆ ڕێگای زەلان-سیوەیل بە گوژمەی ٩٨٨ ملیۆن دینار لە پارێزگای سلێمانی و پڕۆژەی قیرتاوکردنی گوندی دێری لە ئیدارەی ڕاپەرین بە گوژمەی ١٩٩ ملیۆن و ٢٧٠ ھەزار دینار .
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە کە کۆی گشتیی پارەکە سێ ملیار و٢٠٠ و شەش ھەزار دینارە ڕەزامەندیی لەسەر دراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان.
بڵند ئیبراھیم




