"پێش کۆتاییی ساڵ دوو پڕۆژەی ئاو لە مێرگەسۆر دەکەونە کار"

مێرگەسۆر-KDP.info- لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دوو پڕۆژەی ئاو لەژێر جێبەجێکردنن و قایمقامی مێرگەسۆریش دەڵێت، پێش کۆتاییی ئەمساڵ ھەردوو پڕۆژەکە کۆتایییان دێت و ئاو بۆ ژمارەیەک گوندی سنووری مێرگەسۆر دابین دەکرێت.
غەفوور ئەحمەد مالەسواری، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوو پڕۆژەی ئاو لە سنووری قەزا مێرگەسۆر خراونەتە بواری جێبەجێکردن و کارکردن بۆ تەواوکردنیان بەردەوامە، ئێمە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی تا کۆتاییی ئەمساڵ ھەردوو پڕۆژەکە تەواو بکرێن و ئاو بۆ سنووری دەڤەری مێرگەسۆر دابین بکەن.''
قایمقامی مێرگەسۆر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "یەکێک لە پڕۆژەکان دەکەوێتە سنووری ناحیەی مەزنێی دەڤەری مێرگەسۆر و ئەوی دیکەش ھەر لە سنووری قەزاکە جێبەجێ دەکرێت و لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەیان بۆ تەرخان کراوە.''
مالەسواری دەڵێت: "پێشتر لە ژمارەیەک گوندی سنووری مێرگەسۆر کێشەی کەمئاوی ھەبوو، بەڵام بە تەواوبوونی ئەو دوو پڕۆژەیە کێشەی کەمئاوی کۆتایی دێت و ھاووڵاتییانی دەڤەری مێرگەسۆر سوودمەند دەبن لە پڕۆژەکانی ئاو، بەتایبەتی ئەمە دوو ساڵە بەھۆی کەمیی بارانەوە ئاو کەمی کردووە.''
قائید میرۆ




