٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"هەوڵەكان بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپا بەردەوامن"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەراورد بە ڕابردوو هێرشی تیرۆریستانی داعش ڕوو لە زیادبوونە، ئەندامێكی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پێویستە هەرچی زووە پەلە بكرێت لە پڕكرنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، وەك لیژنەی پێشمەرگەش لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێم لەسەر هێڵن.

سەعید هەركی، ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەوڵەكان بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بەردەوامن و لە ئێستادا لیژنە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا (پێشمەرگە و سوپای عێراق) سەرقاڵی دروستكردنی دوو لیوای هاوبەشن  و ئامادەكارییەكان لەو ڕووەوە دەستیان پێكردووە، پێویستیشە هەرچی زووە ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بكرێت، چونكە داعش هێشتا مەترسییەكی جددییە و هێرشەكانی دوێنێ شەویش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن".

هەركی گوتیشی: "وەك لیژنەی پێشمەرگە لە میانی بەدواداچوونەكان بۆمان دەركەتووە، كە بۆشاییەكی ئەمنیی زۆر لە هەریەك لە ناوچەكانی قەرەچووغ، خانەقین، گوڵەجۆ لە گەرمیان هەیە، كە بە هۆی فراوانیی سنووری جیۆگرافییەوە، هێزەكانی عێراق و حەشد بە تەنها توانای پاراستنی ناوچەكەیان نییە، هەر ئەمەش وای كردووە تیرۆریستانی داعش ئەو هەلە بقۆزنەوە و هێرش بكەنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە".

ئەندامەكەی لیژنەی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند: "تا ئێستا بەدەمەوەهاتنی بەرپرسانی باڵای عێراق وەك پێوست نییە و، وەك لیژنەی پێشمەرگەش بە فەرمی داوامان لە هەریەك لە حكوومەتی هەرێم و عێراق كردووە كە هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە و بە تۆكمەیی هێزی هاوبەشی سەربازی دابنرێت، چونكە تاكە چارەسەرە، بۆیە بەپێی ئەوەی هەیە، چاوەڕێ دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو دوو لیوایە دەستبەكار بن".

 

ئەرسەلان ئەحمەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار