ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان: پەكەكە بووەتە بارگرانی بۆ ھەرێمی كوردستان
_(8)__2021_11_29_h15m42s23__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە پەكەكە واز لە سیاسەتی لەكەداركردنی ناوبانگی ھەرێمی كوردستان بێنێت، چونكە ھەوڵێكی زۆری بۆ مەبەستە داوە و لە خۆپێشاندانەكانی سلێمانی و كۆچكردنی خەڵكیشدا ڕۆڵێكی كارای ھەبووە.
دكتۆر دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''نزیكەی ٦٠٠ گوند لە ھەرێمی كوردستان بەھۆی پەكەكەوە چۆڵ كراون و خەڵكەكەی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، جگە لەوەش، پەكەكە ڕۆڵێكی نەرێنیی ھەبووە لە خۆپێشاندانەكانی سلێمانی و ھەرێمی كوردستان و لە زۆر بواری دیكەشدا دەستی ھەبووە و ھەوڵیشی داوە لە ڕێگەی ھەوادارانی خۆیەوە، ئەوانەی كە داوای ڕەوایان ھەیە، بە ئاقارێكی دیكەیدا ببەن.''
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "بەداخەوە پەكەكە بووەتە بارگرانی بۆ سەقامگیریی ئەمنی لە ھەرێمی كوردستان و لە بابەتی ئەوانەی كۆچیان كردووە بۆ سنووری وڵاتی بیلاڕووس و پۆڵەندا، پەكەكە لەگەڵ قاچاخچییەكان ھەم لە ڕووی ماددی و ھەم لە ڕووی سیاسییەوە ڕۆڵێكی كارای ھەبووە، بۆیە یەكەم تۆمەت ئاراستەی پەكەكە دەكرێت و پێویستە واز لە سیاسەتی لەكەداركردنی ناوبانگی ھەرێم بێنێت، كە بەداخەوە ھاتووە كارتی كۆچبەرانی بەكار ھێناوە و ھەوڵی داوە سومعەی ھەرێمی كوردستان لەكەدار بكات، هەمووشمان بینیمان لە دەرەوە پەكەكە چۆن ھەوڵی لەكەداركردنی سومعەی ھەرێمی كوردستانی داوە".
دكتۆر دیندار زێباری دەشڵێت: ''لە سلێمانی خەڵكێك دەستگیر كراوە و ئەوانەی گیراون ناسراون و زانیاریی تەواو ھەیە کە سەر بە پەكەكەن و لە لێكۆڵینەوەكانی داھاتووشدا ئەوە باشتر ڕوون دەبێتەوە.''
بڵند ئیبراھیم




