سەعید هەرکی: لە راپۆرتی سێیەمی چاکسازیدا رێکاریش گیراوەتە بەر

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سێیەم راپۆرتی چاکسازی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکات و ئەمجارەش تەنھا داتا و زانیاری نییە، بەڵکو رێکاریش گیراوەتە بەر، بۆیە راپۆرتی ئەمجارە زۆر گرنگ دەبێت.
سەعید ھەرکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راپۆرتی خۆی لەبارەی چاکسازییەوە ئامادە دەکات و چاوەڕێ دەکرێت ھەفتەی داھاتوو بۆ ئێمەی رەوانە بکات، کە ئەمجارە وردەکاریی زۆری تێدایە و وەکو دوو راپۆرتی پێشووتر نابێت، چونکە ئەمجارە رێکاری پێویستیش گیراوەتە بەر، بەڵام لە دوو راپۆرتەکەی پێشوودا زیاتر باسی داتا و زانیاری کرابوو".
ھەرکی گوتیشی: "ئێمە فشارمان نەخستە سەر حکوومەت، چونکە حکوومەت رێکارەکانی لە بواری چاکسازیدا گرتووەتە بەر، بۆیە ناوەڕۆکی راپۆرتەکە بۆ ئێمە گرنگە، چونکە کاتی ئەوە ھاتووە رێکار بگیرێتە بەر لە چاکسازیەکان و تەنھا داتا و زانیاری نەبێت".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، پڕۆژەی چاکسازی بۆ دوو مانگ و سێ مانگ و ساڵێک نابێت، بەڵکو پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و بۆ کابینەکانی داھاتووش بەردەوام دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




