جووتیاران: بۆ دابەشکردنی بنەتۆو ھاوکاریی وەزارەت وەک پێویست نییە

هەولێر-KDP.info- وەک پاڵپشتییەک بۆ کەرتی چاندن و ھاوکاریکردنی جووتیاران، وەزارەتی کشتوکاڵ بنەتۆ بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکات و جووتیارانیش خوازیارن حکوومەت گرینگیی زیاتر بە کەرتی چاندن بدات و لە زیانەکانی وشکەساڵی رزگاریان بکات.
سەردار گەردی، یەکێکە لەو جووتیارانەی بە ھۆی وشکەساڵیی ساڵی رابردووەوە زیانی بەرکەوتووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ساڵی رابردوو بە ھۆی کەمبارانییەوە زیان بە جووتیاران گەیشتووە، پێویستە حکوومەت زیاتر لە رەوشێکی وەھادا ھاوکاریی جووتیاران بکات، بە تایبەتی بنەتۆ و ماددەکانی بەھێزکردنی بەرھەمی دانەوێڵە بەسەر جووتیاراندا دابەش بکات".
ئەحمەد ئەسعەدی جووتیاریش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "ھاوکاریی وەزارەت وەک پێویست نییە بۆ دابەشکردنی بنەتۆ، چونکە تەنیا بنەتۆ بەو جووتیارانە دەدرێت، کە بە ئامێر دانەوێڵە دادەچێنن و ھەموو جووتیاران ناگرێتەوە، نرخی ئەو گەنمەش کە وەک بنەتۆ دابەش دەکرێت، جیاوازییەکی ئەوتوی لەگەڵ بازاڕدا نییە، ئێمە داواکارین ئاوڕی جیددی لە جووتیاران بدرێتەوە و ھاوکاریی زیاتر بکرێن، بە تایبەتی ئەمە ساڵی دووەمە وشکەساڵی سەری ھەڵداوە و زیانی گەورە بە ئابووریی وڵات گەیشتووە".
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دابەشکردنی بنەتۆ لەلایەن وەزارەتەوە وەک پاڵپشتی و ھاندانێکە بۆ جووتیاران، ھەرچەندە ئەو بڕەی دابەش دەکرێت پێنج ھەزار تۆن بنەتۆی گەنمە، بەڵام وەک ھەنگاوێکی سەرەتا شتێکی باشە بۆ جووتیاران، نرخەکەشی لە بازاڕ ھەرزانترە و لەڕووی کوالێتییەوە جیاوازە، وەزارەتی کشتوکاڵ بابەتی وشکەساڵی بەھەند وەرگرتووە و کاریشی لەسەر کردووە، بە تایبەتی بەرھەمی دانەوێڵە وەک ئاسایشی خۆراک لێی دەڕوانین".
قائید میرۆ




