٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی تەندروستی: نەگەیشتووەتە عێراق و کوردستان.. ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی کراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە جۆرێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژمارەیەک وڵاتی جیھان تۆمار کراوە و بریکاری وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ، ھێشتا ھیچ حاڵەتێکی جۆری نوێ لە عێراق و ھەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە، بەڵام ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی کراوە.

د. رەھێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تەندروستیی عێراق و رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، پێکەوە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن، کە ماوەیەکە لە ھەندێ وڵاتی جیھان بڵاو بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ حاڵەتێک لە ھەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار نەکراوە.

بریکاری وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا ھەیە لە جیھان، چونکە ھەر جارێک ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی بگۆڕێت، بڵاوبوونەوەی خێراتر دەبێت و نیشانەی نوێی ھەیە، بە تایبەتی ھێشتا ئێمە شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنامان تێنەپەڕاندووە و بە ھۆی ھاتنی جۆرێکی نوێ، مەترسی ھەیە لە گۆڕین و نیشانەکانی.

د. رەھێڵ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی جۆری نوێی کۆرۆنا و پاراستنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، وەک رێکارێکی سەرەتایی ھەر ھاووڵاتییەک لەو وڵاتانەی جۆرە نوێیەکەی تێدا تۆمار کراوە بگەڕێتەوە، کەرەنتین دەکرێت.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار