٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان: بەردەوامیی پەلامار و هێرشەكانی داعش، پەیامی ترسناكن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا سەرەخۆشی و هاوخەمی پێشكەش بە خانەوادەی ئەو شەهیدە قارەمانانەی شەوی رابردوو كرد رایگه‌یاند، بەردەوامیی پەلامار و هێرەشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی راستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵم پێشكەش بە خانەوادەی ئەو شەهیدە قارەمانانەی شەوی رابردوو دەكەم، كە لە كاتی بەهانەوەچوونی هاوسەنگەرانی پێشمەرگەیاندا لە سنووری كوڵەجۆ شەهید بوون و گیانیان بەخشی.

لە خوای مەزن داواكارم گیانیان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و سەبووری و ئارامی بە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزیان ببەخشێت. هیوای زووچاكبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەكان دەخوازم.

فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و هێرەشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی راستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە. بۆیە هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە.

داوا دەكەین میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراقدا بە هاوبەشی و پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كاراتر و فراونتر بكرێت و پێكەوە بە هەموو هێز و توانایەكەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش و هەڕەشە و مەترسییەكانی ببینەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

2021/11/28

هەواڵی پەیوەندیدار