سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له كونسولى تازه‌ى ئیتالیا كرد

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2021/11/23 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز میكیلێ كامێرۆتا كونسولى تازه‌ى ئیتالیا له هه‌رێمى كوردستان كرد.
له دیدارێكدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونى لێ‌كرد و هه‌موو پشتیوانییه‌كى بۆ سه‌ركه‌وتنى له ئه‌ركه‌كانیدا له هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى بۆ پشتیوانیى سه‌ربازیى ئیتالیا له هه‌رێمى كوردستان له شه‌ڕى دژى داعش و یارمه‌تیدانیان بۆ پێشمه‌رگه به‌تایبه‌تى له‌ڕووى مه‌شق و ڕاهێنانه‌وه و هاوكارییه مرۆیییه‌كانى بۆ ئاواره و په‌نابه‌ران، دووپات كرده‌وه.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز كونسولى تازه‌ى ئیتالیا خۆشحاڵیى خۆى نیشان دا كه له هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت و هیواى خواست بتوانێت بره‌و به په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بدات به‌تایبه‌تى له بواره‌كانى بازرگانى، ئابوورى، كولتوورى و په‌روه‌رده‌ییدا، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى ئیتالیاى بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له به‌ره‌نگاربوونه‌ى داعشدا ده‌ربڕى.
دۆخى بڵاوبوونه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا و په‌تاى كۆڤید_19، كارى تیمه ئیتالییه‌كان له پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان له بوارى شوێنه‌واردا، ئه‌گه‌رى كردنه‌وه‌ى به‌شى زمانى ئیتالى له زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان و گه‌شتى ڕاسته‌وخۆى ئاسمانى له ئیتالیاوه بۆ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى عیراق و ناوچه‌كه به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو.




