هێمن هەورامی: دەبێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت

ههولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەخت لە زەروورەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت، هەر لایەنێك دەیەوێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێ، با ڕێگری نەكات.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ''ئێمە وەكوو سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوامان لە یوئێن كردووە لە رووی لۆجستی و تەكنیكییەوە هاوكاریی كۆمسیۆن بكات تا هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت''.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان گوتیشی: ''ئەگەر هەر لایەنێك دەیەوێت هەڵبژاردن بكرێت، دەبێ ڕێگر نەبێت و داوامان لە هەموو لایەنەكان كردووە ئەگەر دەیانەوێت بە هەر شێوەیەك هەڵبژاردن بكرێت، با گفتوگۆ بكرێ تاوەكوو پێش كۆتاییهاتنی وەرزی یاسادانان بتوانین كۆمسیۆن كارا بكەینەوە''.
هێمن هەورامی جەختی لەوەش کردەوە کە ''ئەگەر هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، دەبێ تا مانگی دوو كۆمسیۆن ئامادە بێت و ئەو لایەنانەی كار بۆ كەمكردنەوەی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان دەكەن، جێی قەبووڵ نییە و بگرە دەبێت زیاد بكرێت''.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان دووپاتی کردەوە کە ''دەبێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت و دیاردەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان عەیبەیەکە بۆ هەرێمی كوردستان''.




