٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتیی قوتابیان: کێشەی قوتابیان چارە کراوە و بەشەناوخۆییان وەرگرتووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری یەکێتیی قوتابیانی کوردستان گوتی، بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ چارەکردنی کێشەی دەرماڵەی قوتابیان و بەردەوامیش دەبن. دەشڵێ، ھەمیشە لەگەڵ داواکاریی قوتابیان دەبین و خەمی ئەوان، خەمی ئێمەیە. جەختیشی کردەوە، لە ئێستادا کێشەی وەرگرتنی قوتابیان چارەسەر بووە و ھەمووانیش بەشەناوخۆییان وەرگرتووە.

 

نێچیرڤان کەلاری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە چەند ساڵێکە وەکو یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لەگەڵ حکوومەت لەسەر خەتین بۆ ئەوەی کێشەی دەرماڵەی قوتابیان چارەسەر بکرێت و، دیراسەیەکیشمان داوەتە حکوومەت بۆ چارەسەرکردن و بەردەوامیش لەسەر هێڵین لەگەڵ حکوومەت و پشتگیریی داواکاریی قوتابیانیش دەکەین، تا داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێن".

 

کەلاری گوتیشی: "ئێمە لە ھەر شوێنێک قوتابی داواکاریی ھەبێت، پشتگیری دەکەین و ھەموو ھەوڵێکیش دەدەین کە داواکاریی قوتابیان جێبەجێ بکرێن و ھەر کێشەیەکیشیان ھەبێت، ھەوڵی چارەسەرکردنیان بۆ دەدەین، بۆ پرسی دەرماڵەش دیراسەمان داوەتە حکوومەت و داوامان کردووە کە سیستەمی بانکی بۆ پێدانی دەرماڵە بە قوتابی بەکار بێت، بۆ نموونە دەرماڵە پێشتر لە کۆلیژەکان دابەش دەکرا، ئێمە ئێتسا داوامان کردووە لە رێگەی بانکەوە بێت و قوتابی بۆی ھەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا بتوانێ دەرماڵەکەی لە بانک رابکێشێت، بۆ نموونە قوتابی دەرماڵەی ١٠٠ھەزار بێت، ھەفتەی بچێت ٢٥ھەزار راکێشێت و بتوانێ بە تەواویش رایبکێشێت، بۆ ئەوەی شارەزای سیستەمی بانکیش بێت، کە جگە لەوە دیراسەکەی ئێمە چەندین خاڵی دیکەش لەخۆ دەگرێت".

 

دەشڵێ: "خەمی قوتابیان، خەمی ئێمەیە و ھەموو ھەوڵێک دەدەین و بەردەوامیش دەبین، تەنانەت ئەمڕۆش لەگەڵ حکوومەت لەسەر خەت بووین بۆ ئەوەی کێشەی قوتابیان چارەسەر بکرێت".

 

نێچیرڤان کەلاری ڕوونیشی کردەوە، سەرەتای وەرگرتنی قوتابیان کێشە ھەبوون، بەڵام ئێستا کێشەکان چارەسەر بوون و قوتابیان پەیوەندییان بە کۆلیژەکان کردووە و ئەوەی ماویشن، چاوەڕێ دەکەن ڕەنگە ئەگەر کۆلیژەکەیان بەدڵ نەبێت، بچن بۆ زانکۆی ئەھلی، بەڵام بە گشتی کێشەکان چارەسەر بوون، چونکە دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەت وەزارەتی خوێندنی باڵای راسپارد پێداچوونەوە بکەن بە وەرگرتنی قوتابیاندا، ژمارەیەکی زۆری قوتابی وەرگیران و بەشێکی کەم ماون.

 

کەلاری ڕاشیگەیاند، ئەو قوتابیانەی کۆنمرەیان ٦٠یش بووە، لە کۆلیژەکان وەرگیراون و بۆ پەیمانگاکان تا نمرەی ٥٥یش وەرگیراون، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی کێشەکانیان چارەسەر کراوە و بۆ بەشە ناوخۆییەکانیش، سەرجەم قوتابیان بەشەناوخۆییان وەرگرتووە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار