ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێن

زاخۆ-KDP.info- لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک پڕۆژە لەسەر ئاوی خابووری زاخۆ جێبەجێ دەکرێن، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆش دەڵێ، پێنج بەنداو لەسەر ئاوی خابوور دروست دەکرێن و کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاریی ئیدارەی زاخۆ دەبێت.
چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، سێ ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک لەسەر ئاوی خابووری زاخۆ خەرج دەکرێت، کە پێنج بەنداو لەسەر رووباری خابوور دروست دەکرێن، ئەو پێنج بەنداوە لە دوولاوە سوودیان بۆ کەرتی گەشتیاری ھەیە، لەوانەش، کاتێک وەرزی ھاوین ئاوی خابوور کەم دەبێتەوە، بە ھۆی ئەو بەنداوانەوە ئاو دەمێنێتەوە و گل دەدرێتەوە.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری زاخۆ گوتیشی، سوودی دووەمی ئەو پێنج بەنداوە جگە لەوەی گەشتیاران دەتوانن بچنە سەر بەنداوەکان و سوود لە سرووشتی ئاوی زاخۆ ببینن، کاریگەری دەبێت لەسەر جوانکردنی ڕووباری خابووری زاخۆ و راکێشانی گەشتیار.
ئەمین روونیشی کردەوە، ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی گەشتیاری لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پلانی ئێمەدان و لە کاتی گونجاودا دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، بە تایبەتی دوای دەرچوونی بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێویستی بە ئاوڕدانەوەی زیاتر ھەیە لە کەرتی گەشتیاریدا.
قائید میرۆ




