لیژنەی ناوخۆ: یاسای نوێ کۆتایی بە دیاردەی چەکی نایاسایی دێنێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسایەکی بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای ھەلگرتن و بەکارھێنانی چەک ئامادە کردووە و بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆش دەڵێ، یاسای نوێ کۆتایی بە دیاردەی ھەلگرتنی چەکی نایاسایی دێنێت.
حیکمەت محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، یاسای ھەلگرتنی چەک پێش ٣٠ ساڵ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە، لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا گۆڕانکاری زۆر رووی داوە و یاساکە بۆ سەردەمی ئێستا ناگونجێ، لەبەر ئەوەش سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەیاسایەکی نوێی رەوانەی پەرلەمان کردووە و بڕیارە یاسای پێشتر ھەموار بکرێتەوە.
بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ دەشڵێت، دیاردەی ھەلگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت کاریگەری ھەبووە لەسەر رووداوەکانی کوشتن و نانەوەی تاوان، لەبەر ئەوەش ھەرێمی کوردستان پێویستی بە یاسایەکی نوێ ھەیە رێگری بکات لەو دیاردەیە، ئێمە لە پەرلەمان پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاسای حکوومەت دەکەین.
حیکمەت محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێویستە لەسەر لایەنی جێبەجێکار بە وردی کار لەسەر یاسای ھەلگرتنی چەک بکات، چونکە یاسای نوێ گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەرکی لایەنە پەیوەندارەکانە رێگە بە ھیچ کەسێک نەدەن بەبێ مۆڵەت چەک ھەڵبگرێت، ئەگەر یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، دڵنیاین کاریگەریی زۆری دەبێت.
قائید میرۆ




