٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن: ئەم ھەفتەیە ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیەندرێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک گوتی، کۆمسیۆن ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی تەواو کردووە و ھیچ کێشەیەکی نەبووە و بڕیاریشە ئەم ھەفتەیە ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەندرێت.

خالد عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پرۆسەی ھەڵبژاردن زۆر باش و بێگرفت بەڕێوە چوو و ھیچ کێشەیەک نەبوو و لای ئێمە ھیچ گۆڕانکاریەکیش ڕووی نەداوە و ئەگەر ھەر گۆڕانکارییەکیش ھەبێت بۆ مەرامی سیاسی و دەستوەردان بووە لە دەستەی دادوەری، چونکە ئەنجامەکان نێردراون بۆ لای ئەوان.''

بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک گوتیشی: ''ھۆکاری دواکەوتنی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھەندێک تانەی لێ درا و ھەندێک پرسی سیاسیش ھاتنە ناو پرۆسەکە و ئەمە وای کرد ئەنجامەکان دوا بکەون، بۆیە ئەم ھەفتەیە ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیەندرێت.''

عەباس ڕوونیشی کردەوە: ''کۆمسیۆن ھیچ کێشەیەکی نەبووە و ھەر گۆڕانکارییەکی بکرێت ئەوە ھەندێک دەقی یاساییان بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە، چونکە ئێمە کێشەمان نەبووە و گۆڕانکاری نەبووە، بۆیە ناکرێت ئێستا باسی گۆڕانکاری بکرێت، چونکە پرۆسەکە بێ کێشە بەڕێوە چووە و دەنگی ھەموو لایەنەکان دیار بوو، بەڵام دەستەی دادوەری ڕەنگە بۆ بەرژوەندیی ھەندێک لایەن و شەقام ئەگەر گۆڕانکاری بکات، کە ئەمەش یاسایی نییە.''

 

بڵند ئیبراھیم

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار