"کێشەی پڕۆژەی شاری مامۆستایانی دھۆک چارەسەر کرا"

دهۆک -KDP.info- دوای چەندین ساڵ کێشەی دروستکردنی شاری مامۆستایانی دھۆک چارەسەر کرا و بەرپرسێکی یەکێتیی مامۆستایانیش دەڵێت، زەوی بۆ پڕۆژەکە دابین دەکرێت و بەپێی خاڵ مامۆستایانی دھۆک سوودمەند دەبن.
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی شاری مامۆستایان لە ھەولێر و سلێمانی و کەلار دروست کراوە و ژمارەیەکی زۆری مامۆستاش سوودمەند بوونە لە یەکەی نیشتەجێبوون، بەڵام دروستکردنی پڕۆژەی مامۆستایانی دھۆک بەھۆی ھەبوونی کێشە تا ئێستا نەخراوەتەوە بواری جێبەجێکردن و ئیدارەی پارێزگای دھۆک بەھۆی تێبینییان لەسەر کۆمپانیای جێبەجێکار پڕۆژەکەیان نەخستە بواری جێبەجێکردنەوە.''
بەرپرسەکەی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت: "لە کۆبوونەوەی حەفتەی ڕابردووی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی مامۆستایاندا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی شاری مامۆستایانی دھۆک کراوە و بڕیارە ئەویش جێبەجێ بکرێت.''
عەتا ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "دەستەی وەبەرھێنان و لایەنی پەیوەندیدار بەڵێنی ئەوەیان داوە زەوی بۆ پڕۆژەی مامۆستایانی دھۆک تەرخان بکەن و دواتر دەست بە ڕێکارەکانی دروستکردنی شاری مامۆستایانی دھۆکیش دەکرێت، بەڵام تا ئێستا نازانین چەند یەکە بۆ مامۆستایانی دھۆک دروست دەکرێت، چونکە بەپێی ڕووبەری زەوییەکە یەکەکان دروست دەکرێن و بەپێی خاڵ بەسەر مامۆستایانی دھۆکدا دابەش دەکرێن.''
قائید میرۆ




