پڕۆژەکانی دەڤەری باڵەکایەتی خراونەتە بواری جێبەجێکردن

هەولێر-KDP.info- خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی چەندین داواکاریان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری گەیاندبووە سەرۆک بارزانی، قایمقامی چۆمانیش دەڵێ، پڕۆژەکان لەسەر فەرمانی سەرۆک پارەیان بۆ خەرج کراوە و خراونەتە بواری جێبەجێکردن.
سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، پێشتر لە کاتی بەسەرکردنەوەی دەڤەری باڵەکایەتی، ھەندێک داواکاری پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرابوون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی ھەشت ملیار دینار بخرێنە بواری جێبەجێکردن، ساڵی رابردوو بڕی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار خەرج کراون بۆ چۆمان و، لە رۆژانی رابردووش یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دیناری دیکە خەرج کراون، بۆ ئەوەی پڕۆژەی دیکە بخرێنە بواری جێبەجێکردن.
قایمقامی چۆمان دەشڵێت: "خشتەیەک لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دانراوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی باڵەکایەتی و، بڕیارە بەپێی ئەو خشتەیە پارە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری خەرج بکرێت".
سوارە ئەکرەم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، پڕۆژەکان لەسەر ناحیەکان و سەنتەری قەزا دابەشکراون و کەرتەکانی ئاو و کارەبا و تەندرووستی و پەروەردە لە خۆ دەگرێت، دوای تەواوبوونیان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت، چونکە ئەمانە پێداویستی خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی و سنووری قەزای چۆمانن.
قائید میرۆ




