قاهیرە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی لە ئامێز دەگرێت

ههولێر-KDP.info- بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ٦٠ ساڵەی شۆڕشی ئەیلولی مەزن، مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، بە ئامادە بوونی باڵیۆزی عێراقی فیدراڵ و کونسوڵ و سەرجەم کارمەندانی باڵوێزخانە، هەروەها بەرپرسی پەیوەندییەکانی عەرەبی رەوتی حیکمەی نیشتمانی و، ئەندام پەرلەمان و کەسایەتی سیاسی و راگەیاندکار و رۆژنامەنووسان و، کۆمەڵێک قوتابی کورد و عێراقی لە زانکۆکانی میسر، ئێوارە ئاهەنگ و خوانێکی لە هۆڵی یەکێ لە هۆتێلە ناسراوەکانی قاهیرە لە قەراغ رووباری نیل ساز کرد، هەروەها چەندین لە وێنەکانی سەرۆک بارزانی لەگەڵ کەسایەتی و سەرکردەکانی جیهانیش نمایشکران.
ئەحمەد دلێمی باڵیۆزی عێراقی فیدراڵ، گوتی: "مایەی خۆشحاڵیمە کە ئەمڕۆ بەشداری لە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم، پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامان و لانەگرانی پارتی دەکەم و پیرۆزبایان لێدەکەم بۆ ئەو دەستکەوتانەی بەدەستیان هێناون". هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی هاوبەشی نێوان کورد و عەرەب کرد و ئاماژەی زاڵبوونی پێکەوەی بەسەر تیرۆر و لەنێوبردنی کرد، دواتریش سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمە و رێکخستنی ئاهەنگەکەی کرد.
دکتۆر محەمەد ئەبو کەلەل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی عەرەبی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراقی، پیرۆزبای ئاڕاستەی سەرکردایەتی و لایەنگرانی پارتی کرد و، گوتی: "ئەمڕۆ لە میوانداری یەکێک لە حزبە عێراقیە دێرینەکانین، کە لە ماوەی ٧٥ ساڵی تەمەنیدا، خاوەنی هەڵوێست و خەباتی گرینگ بووە بۆ رزگار بوون لە رژێمە دیکتاتۆریەکان، هەروەها برایان لە پارتی دیموکراتی کوردستان رۆڵی گرینگیان لە پاڵپشتی دروستکردنی دەوڵەتی عێراقی نوێ لە دوای ئازادی لە رژێمی بەعسی دیکتاتۆر لە ساڵی ٢٠٠٣ هەبووە".
هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە، کە هەولێر ویستگەیەکی گرینگی دیدار و کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی سیاسی عێراقییە بە تەواوی جیاوازی بۆ چوونەکانیان.
شێرکۆ حەبیب بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە، وێڕای بەخێرهێنانی ئامادە بووان، سوپاسی کردن بۆ بەشداریکردنیان لەو ئاهەنگە و، ئاماژەی بە رۆڵی پارتی کرد هەر لە ساتی دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٤٦، بە رابەرایەتی باوکی رۆحی کورد، جەنابی مەلا مستەفا بارزانی نەمر لە بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراتی، کە مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق دابین بکات، هەر لەو روانگەشەوە درووشمی دیموکراسی بۆ عێراق بەرز کردەوە، کە ئەمەش باوەڕی دامەزرێنەری ئەم حزبەیە.
هەروەها گوتیشی: "ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، پارتی بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی، لە هەوڵی بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی فیدراڵی فرەیی هەیە بە گوێرەی دەستوور، کە زامنی یەک پارچەیی عێراق و پێکەوە ژیان و تەبابیی بێت.
لە درێژەی ئاخاوتنەکەی بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە، ئاماژەی بە رۆڵی پارتی و سەرۆک بارزانی کرد بۆ چارەکردنی گرفتەکان لەسەر بنەماکانی لێک تێگەیشتن و دیالۆک و بڕگەکانی دەستوور، لە تەوەرێکی دیکەدا، ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان کوردستان و میسر کرد، هەروەها ئاماژەی بە ٦٠مین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کرد و، گوتی: "سەرکردایەتی پارتی و میللەتی کورد ناچار بوون پەنا بۆ چەک ببەن بۆ بەرگری کردن لە ژیان و خاک و، شەڕی سەپێندراو بەسەر میللەتی کورد".
گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانی نەمر، هەردەم لەگەڵ جەنگدا نەبوون، بەڵکو هەردەم ئاشتی خوازبوون و ئاشتیخوازن".
سەرجەم ئامادەبووان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لەو یادە و، پیرۆزباییان پێشکەش کرد، لە لایەکی دیکەوە راگەیاندنەکانی میسر بەبایەخەوە هەواڵی ئەو چالاکیەیان بڵاوکردەوە.




