٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمە ھەنگاوی یەکەمە و لیوای دیکەش دروست دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق رایگەیاند، بڕیارە شەش لیوای ھاوبەش بۆ ناوچە کوردستانییەکان دروست بکرێن و لە یەکەم ھەنگاویشدا دوو لیوا دروست دەکرێن، کە ئێستا ناوەکانیان ئامادە کراوە و دەست بە مەشق و راھێنان دەکەن.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ناوەکانی دوو لیوای ھاوبەشی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئامادە کراون و دەست بە مەشق و راھێنان دەکەن بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک و دواتر ئەو ھێزانە بەسەر ناوچە کوردستانییەکاندا دابەش دەکرێن، ھێزەکانیش کەمن و ئەمە تەنھا بۆ ھەنگاوی یەکەمە و پێویستی بە ھێزی زیاتر ھەیە، بەڵام جارێ ئەو دوو لیوایە دروست دەکرێن و دواتر لیواکانی دیکەش دروست دەکرێن.

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتیشی، ئەو ناوچانە بە یەک ھێز بەرێوە ناچن و پێویستیان بە شەش لیوای ھاوبەش ھەیە، بۆیە ئەمە ھەنگاوی یەکەمە و لیوای دیکەش دروست دەکرێن، لەبەر ئەوەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ئاسان نییە و کاتی پێویستە تاوەکو ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق یەک بگرنەوە و ئەو ناوچانە بپارێزن، بۆیە کاری بەردەوام دەکرێت تاوەکو شەش لیوا بۆ ئەو ناوچانە دروست دەکرێن.

تەڵعەت ڕوونیشی کردەوە، دۆخی ئەو ناوچانە ھیچ پێشوەچوونێکی بەخۆیەوە نەبینیوە و وەکو خۆیەتی و باش نییە، بۆیە ھێزی عێراقی لە ناوچەکانی خۆیان بەردەوام ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن و بۆ ناوچە کوردستانییەکانیش داوایان لە ھێزی پێشمەرگە کردووە و ھەر ئۆپەراسیۆنێک لە ناوچە کوردستانییەکاندا بکرێت، بە ھاوبەشی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم 

 

هەواڵی پەیوەندیدار