٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دکتۆر کریستینا و هۆشیار سیوەیلی کۆبوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دکتۆر کریستینا کۆیڤوونێن، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و توێژەری سەربەخۆ، کۆمەڵناسی فینلەندی و دۆستی گەلی کورد، سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ی کرد.

لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و هەروا بەرپرسی دێسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی کرا لە دکتۆر کریستینا کۆیڤوونێن، نووسەر و توێژەری سەربەخۆی ناسراوی فینلەندی و دۆستی گەلی کورد، کە لە ساڵانی ڕابردوو لە بواری نووسین و ڕۆژنامەگەری چەندین پەرتووک و بابەتی گرنگی لە بواری توێژینەوەی لەسەر کوردستان و دۆزی گەلی کورد و کۆمەڵگای کوردستان و پێکهاتەکانی و خەبات و قوربانیدان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و لە پێناوی مانەوە و بەرگریکردن لە دەستکەوتەکان لەسەر کەرکووک و کۆمەڵکوژی و سەرهەڵدان و خەباتی گەلی کورد و شەڕی شاراوەی  داگیرکەرانی کوردستان دژ بە گەلی کورد، بڵاو کردووەتەوە. 

دکتۆر کریستینا کۆیڤوونێن، هەر لە سەردەمی خوێندنی باڵا و بەدەستهێنانی ماستەر و دکتۆرا  لە فینلەندا لە ساڵانی نێوان ١٩٨٧- ٢٠٠٢ تێکەڵاوی لەگەڵ پرسی کورد و کوردستاندا دروست کردووە و تێزی دکتۆراکەشی تایبەت بووە لەسەر کورد لەژێر ناونیشانی (شەڕی شاراوە لە باکووری کوردستان) کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە زمانی ئینگلیزی لە ٢٠١٢ دا بڵاو کراوەتەوە.

لە ساڵانی ١٩٩١- ٢٠١٦ کارمەندی خزمەتگوزارییەکانی کۆمەڵایەتی بووە لە شارەوانی هێلسینکی پایتەخت و دواتر لە ٢٠١٥-٢٠١٦ وەک کارمەندی کاروباری کۆمەڵایەتی لە کەمپی پەنابەران لە هێلسینکی کاری کردووە و لە نزیکەوە ئاشنای پرسی پەنابەرانی کورد بووە. بە هۆی گرنگیدانی بە پرسی کورد و تویژنەوەکانی لەسەر کوردستان، بڕیار دەدات وەک مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە کۆلێژی پەروەردەی کەلار لە ١/١٠/٢٠٠٩ تا ٣٠/٩/٢٠١٠ کار بکات دواتر لە کۆلێژی زانستە مرۆییەکانی لە بەشی زانستی کۆمەڵناسی زانکۆی سلێمانی لە ١/١٠/٢٠١٠ تاکو ٣٠/٦/٢٠١٢ مامۆستای زانکۆ بووە و هەروا لە ڕابردوودا بۆ زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێری پایتەختیش کاری کردووە.

ئەو، لەسەر ئاستی دەرەوەی وڵات و لە هەرێمی کوردستانیش چەندین سیمینار و وۆرکشۆپی گرنگی لەسەر پەرتووک و ئەو بابەتانە پێشکەش کردووە، کە لەسەر پرسی کورد و کوردستان بڵاوی کردوونەتەوە و تێکەڵاوییەکی باشی لەگەڵ میللەتی کورد و کۆمەڵگای کوردستان و کوردستانیانی دیاسپۆرادا دروست کردووە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ – ٢٠١٩ توانیویەتی ١١ پەرتووکی بەنرخ لەسەر کوردستان بڵاو بکاتەوە کە دواپەرتووکی ( کەرکووک شاری ئاگر ) لە ٢٠١٩ بڵاو کردۆتەوە و بەنیازە کاری ئایندەی، نووسینی پەرتووکێک بێت لەسەر کاکەییەکانی کوردستان.

لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کوردستان وێڕای بەخێرهاتنی دکتۆر کریستینا کۆیڤوونێن، سوپاس و دەستخۆشی لە بزاڤ و هەوڵەکانی کرا بۆ ناساندنی پرسی کورد لە فینلەندا و هەوڵەکانی لە ئەورووپا و کوردستان بەرز نرخێنرا و هەموو پشتگیری و هاوکاری و ئاسانکارییەکیش خرایە ڕوو لەلایەن پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بۆ سەرکەوتن و بەردەوامبوونی لەسەر نووسین و توێژینەوەکانی لەسەر کوردستان و دۆزی گەلی کورد.

لە دیدارەکەدا، دوا گۆڕانکاری و پێشهاتەکان لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و دۆخی عێراقی دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و پێشبینییەکان بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی ئیئتلافی بنکە فراوان لە عێراق، پێشبینییەکان بۆ ئێستا و ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ و دۆخی گەلی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان و پرسی ئاوارە و پەنابەران و  پرسی پێکهاتەکان و لێبووردەیی و کەلتووری پێکەوەژیان لە کوردستان و لە نێوان گەڵی کورد و پێکهاتە و نەتەوەکانی تر لە ناوچەکەدا، تاوتوێ کران و گرنگیی گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فینلەندا و دۆخی ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە و چەندین بابەتی جێی بایەخی تر لەگەڵ نووسەری ناوداری فینلەندی باس کران.

جێی باسە، لە دیدارەکەدا خاتوو شیرین زەکی، بەرپرسی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان – فینلەندا ئامادە بوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار