وەزیر: پێویستە سەرجەم مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن
__2021_11_18_h15m4s36__ER.jpg)
سلێمانی-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكوومەت ١٦ ملیار دیناری بۆ تەواوكردنی ٢٣ قوتابخانە لە ھەرێمی كوردستان تەرخان كردووە و لەمەودواش ھەر پڕۆژەیەك دروست بكرێت، پێویستە قوتابخانەشی تێدا بێت. دەشڵێت، پێویستە سەرجەم مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن.
ئالان حەمەسەعید، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمڕۆ ھاتووین لە (دیلان ستی) قوتابخانەیەكی ٢٤پۆلی بكەینەوە و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە ٢٣ قوتابخانەی دیكە لە سلێمانی و ھەڵەبجە و دھۆك و ھەولێر تەواو بكرێن، كە ١٦ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە تەواوكردنیان دەكرێت، تا بەشێكی ئەو لۆدەی لەسەر قوتابخانەكان ھەیە، كەم بكرێتەوە".
وەزیری پەروەردە ئاماژەشی دا: "بەشێكی ئەو گەڕەكانەی پێویستیان بە قوتابخانە ھەیە، بۆیان تەواو دەكرێت و سوپاسی ھەموو ئەوانەش دەكەین كە ھاوكار بوون لە دروستكردنی قوتابخانە و پێشكەشكردنیان بە وەزارەتی پەروەردە".
ئالان حەمەسەعید گوتیشی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردە و دەستەی وەبەرھێنان، سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە ھەموو ئەو پڕۆژانەی كە مۆڵەتیان وەرگرتووە و لەسەر وەبەرھێنەرەكانە كە قوتابخانە دروست بكەن و دروستیان نەكردووە، بۆیە بە شێوازێكی یاسایی پابەندی دروستكردنی قوتابخانەكان دەكرێن و ھەماھەنگییەكی باشیشمان ھەیە و چەند مانگێكە لەگەڵ دەستەی وەبەرەھێنان ئەو ھەماھەنگییە بەرھەمی باشی ھەبووە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت، كە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنانە، ھیچ مۆڵەتێكی دروستكردنی پڕۆژە نادرێت كە قوتابخانە و خزمەتگوزارییە پێویستەكانی دیكەی تێدا نەبێت، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت بەو ھۆیەوە لە داھاتوودا بەردی بناغەی چەند قوتابخانەیەكی دیكەش دابنێین".
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەشڵێت: "ڤاكسین بۆ مامۆستایان دابین كراوە، لە دوای ١-١٢-٢٠٢١ـەوە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەكان دەتوانن دەسەڵاتی یاسایی خۆیان بەرامبەر ئەو مامۆستایانە بەكار بھێنن، كە ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، بۆیە پێویستە سەرجەم مامۆستایان ڤاكسین وەربگرن".
بڵند ئیبراھیم




