چەند پڕۆژەیەك لە دەڤەری برادۆست جێبەجێ دەكرێن

سیدەكان-KDP.info- لە سنووری دەڤەری برادۆست چەند پڕۆژەیەك لە بواری رێگاوبان و كارەبا لە قۆناغی جێبەجێكردندان، كە بەشێكیان كارەكانیان كۆتایی هاتووە و بەشێكی دیكەشیان بە هۆی قەیرانی داراییەوە كارەكانیان وەستاوە، دانیشتووانی ناوچەكەش داوای جێبەجێكردنیان دەكەن.
عەبدولقادر ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانیی سیدەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ئێستادا پڕۆژەی قیڕتاوكردنی گەڕەكی گوڵان لە قۆناغی جێبەجێكردندایە و، ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ قیڕتاوكردنی گەڕەكی فەرمانبەران و ئامادەكردنی چەند دەرخستەیەكی تر بۆ نۆژەنكردنەوە و چاككردنی ڕێگاوبانەكان".
ئەكرەم گوتیشی، پڕۆژەكان لەسەر بودجەی داهاتی گشتیی شارەوانییەكان و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بە تێچووی 263 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێن، كە پێش هاتنی وەرزی زستان پڕۆژەكان تەواو دەكرێن".
دەشڵێ: "ڕێگای دەشتەهێرت و ژمارەیەك گوند و ئاوایی نۆژەن دەكرێنەوە، لەگەڵ گەیاندنی تۆڕی كارەبای نیشتیمانی بۆ چەند گوندێك، كە شارەدێی سیدەكان لە ساڵی 1932 بووەتە ناحیە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و، دانیشتووانی سنوورەكەش ئێستا داوا دەكەن بكرێت بە قەزا، چونكە هەموو مەرجێكی بەقەزابوونی تێدایە و سەرووی 20 هەزار كەسی تێدا نیشتەجێیە و 250 گوندی هەیە و گەورەترین ناوچەشە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان لە ڕووی بەرفراوانییەوە".
سیروان سابیر




