هەڵمەتی پاککردنەوەی باراناوەکان لە هەڵەبجە دەستی پێکرد

هەڵەبجە-KDP.info- ساڵانە لە کاتی بارینی بارانی بەخوڕدا، بە هۆی گیرانی باراناوەکان لە هەڵەبجە لافاو دروست دەبێت، بۆیە بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی لافاو، ناوەندی باڵای هەڵەبجەی یەکێتیی لاوان لە ڕێگەی چەند تیمێکەوە هەڵمەتی پاککردنەوەی باراناوەکانی شارەکەی دەست پێکرد.
عومەر فارس، بەرپرسی ناوەندی باڵای هەڵەبجەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ هەڵمەتی پاککردنەوەی باراناوەکانی گەڕەکەکانی هەڵەبجەمان دەست پێکرد، تاکو هاووڵاتیان لە کاتی بارانی بەخوڕدا لە لافاو پارێزراو بن، کە ئەرکێکی ژینگەدۆستانەیە و داوا لە هاووڵاتیانیش دەکەین باراناوەکانی بەردەم ماڵەکانی خۆیان پاک بکەنەوە و هاوکاری کارمەندانی ژینگەدۆست بن".
فارس گوتیشی: "دەمانەوێت ئەم هەڵمەتە بەردەوامی پێ بدەین و زۆرینەی باراناوەکان پاک بکەینەوە پێش بارینی بارانی بەخوڕ، بۆ ئەوەی بەدوور بین لە لافاو، کە ئەمەش ئەرکێکی مرۆڤدۆستانە و ژینگەدۆستانەیە جێبەجێ دەکەین".
ناوبراو دەشڵێ: "لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتەکەدا، دەڕۆین لەگەڵ هاووڵاتیانیش گفتوگۆ دەکەین و ڕێنماییان پێ دەدەین، کە حکوومەت باراناوەکانی دروست کردووە و قیری کۆڵانەکانی کردووە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیانیش هاوکار بن و ئەرکێکی قورسیش نییە باراناوی بەردەم ماڵ و گەڕەکەکانیان پاک بکەنەوە".
عەزیز ڕەسووڵ




