٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێبەر ئەحمەد: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری مەسیحییەکان کاری زۆر باش کراوە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە یەک چاو سەیری ھەموو پێکھاتەکان دەکات و بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری مەسیحییەکانیش کاری زۆر باش کراوە و بەردەوامیش دەبن لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی پارێزگاری دھۆک و سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ و چەند ئەندامێکی تیمی وەزاری، لەوانە وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون کۆبوونەویەکمان کرد لەبارەی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی بڕیاری ژمارە ٨٣ی مانگی ١١ی ٢٠٢٠ کە دەرچووە و دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەو بڕیارەدا ویستمان بزانین بە کرداری چی کراوە و پێش ئەوکات لیژنەی وەزارەی کۆ بووەوە و لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا بەیاننامەیەک دەرچوو لەبارەی کێشەی زەویوزاری برا مەسیحییەکان لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتی لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ڕێنماییەکان درابوون بە پارێزگاکان و لە نزیکەوە لەگەڵ پارێزگاری دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و قایمقامەکان گەنگەشەیەکی باشمان کرد.''

ڕێبەر ئەحمەد گوتیشی: ''ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو کارێکی زۆر باش کراوە و ئەو ڕێنماییانەی دەرکرابوون ھەمووی گەیشتبوو بە قایمقامەکان و لەسەر ئاستی قەزا و ناحیەکان لیژنەی لاوەکی پێک هاتبوون و بەشێکی زۆری ئەو کێشانە تۆمار کراون و ئەو بەیانەی بڵاو کراوەتەوە داوا لە خوشک و برایانی مەسیحی دەکات، ئەوەی زیادەڕۆیی لەسەر موڵک و زەوییەکانیان کرابێت سکاڵا پێشکەشی لیژنە بکەن و ئەوانەی تۆمار کرابوون گرنگییان پێ درابوو، ئەمڕۆش تەئکیدمان کردەوە کە سەرۆکی حکوومەت سوورە لەسەر ئەوەی نابێت زێدەڕۆیی لەسەر ھیچ پێکھاتەیەک بکرێت، بەتایبەتی مەسیحی کە پێکھاتەیەکی سەرەکین و بەشدارن لە خۆشی و ناخۆشیدا و لە شۆڕشەکانیشدا بەشدار بوون و ئەگەر ھەر ناخۆشییەک بە کورد گەیشتبێت، جیاوازیی لەنێوان پێکھاتەکاندا نەکراوە و ڕژێم بە چاوێک سەیری ھەمووانی کردووە، بۆیە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ئەوەی پێویستە بۆیان بکەین.''

ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوەش کرد: ''ئەو زیادەڕۆییانەی لە سەردەرمی بەعس لە زەویی مەسیحییەکان کراوە، ئەوانیش خراوەتە بەرنامەوە و ئەو کۆمەڵگایانەی بە زۆرەملێ دروست کرابن ئەگەر گلەیی و سکالایەکیان ھەبێت لەڕێگەی ئەو لیژنەیەوە دیراسە دەکرێت و پێشنیاری گونجاوی بۆ دەکرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیران و بێگومان گرنگییەکی زۆری پێ دەدەین، بۆیە زۆر دڵخۆش بووم بەو کۆبوونەوەیە کە کارێکی زۆر باش کراوە لە پارێزگای دھۆک و ئەوەشیان لێ چاوەڕێ دەکرێت.''

ڕوونیشی کردەوە: ''بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە ئیدارەی زاخۆوە ھەیە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆمان ڕاسپارد لیژنە لەسەر ئاستی ئیدارە و قەزاکان پێک بێت و پێداچوونەوەی جددی ھەبێت و زۆر جار زۆر لایەنی سیاسی بۆ مەرامی سیاسی دەیانەوێت کێشەیەکی بچووک لە گوندێک، یاخود ناوچەیەک وا نیشان بدەن کە کێشە لە نێوان کەسێکی مەسیحی و موسڵماندا ھەیە، بەڵام ئێمە ھەمووان دڵنیا دەکەینەوە، بەتایبەت خەڵکی مەسیحی و بە ھەموو ناحەزانیش دەڵێین، ئەوانە چاویان بەو پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە ھەڵنایەت، ئێمە خاوەنی ئەو کێشەیە و ئەم وڵاتەین و ئێمە وەکوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە یەک چاو سەیری ھەمووان دەکەین.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار