٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی نەزاھە: حکوومەت زۆرینەی کارەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی تەواو کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی نەزاھە لە ھەرێمی کوردستان گوتی، دەستمان کردووە بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردووە، ھەنگاوی باش نراوە و بەشی زۆری یاساکە جێبەجێ کراوە و ھەموو کارەکانیش کە تەواو دەکرێن، پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێن بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت، بەڵام حکوومەت جددییە لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی و ئێمەش ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل ئامادە دەکەین و پێشکەشی لیژنەی باڵای چاکسازی و پەرلەمانی دەکەین.

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی نەزاھە لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دەستمان کردووە بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و لە یەکەم ھەنگاویشدا لەگەڵ وەزارەتی دارایی گفتوگۆمان کردووە، چونکە ئەوان زیاتر ئەرکی جێبەجێکردنەکەیان لەسەرە، بۆیە بەپێی بەداواداچوونی ئێمە، ئەوان کاری زۆر باشیان کردووە و ھەنگاوی باشیان ناوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و لە ھەموو بوارەکاندا کار کراوە و بڕیارە لەگەڵ سەرجەم وەزارەتەکانیش گفتوگۆ بکەین و بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی یاساکە زیاتر پەلەی لێ بکرێت.''

ئەنوەر باسی لەوەش کرد: ''ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی قسەمان کرد کار لەسەر میلاکات و بودجە و پلەبەرزکردنەوە و بەشێکی باشی کارەکانیان تەواو کردووە، بەتایبەت ماددەی ٦ کە پەیوەندیی بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و ئەوانەی پلەی زیاتریان وەرگرتووە و دەرماڵەکان و ڕێوشوێنی دامەزراندن و سندووقی خانەشنینی و وەرگرتنەوەی قەرزەکان کە کاری باشی لەسەر کراوە، بۆیە سێکتەر بە سێکتەر کاری لەسەر دەکەن، چونکە ئەوان کارەکان دەکەن و پێشکەشی لیژنەی باڵای دەکەن بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت و کاری پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران تەواو بووە و ئەوەی کێشەی نییە ئەوە وەکوو خۆی دەمینێت و ئەوانەی دیکەش کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت.''

حاکم ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: ''لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەوانەی پەیوەندیدارن کۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی بزانین چی کراوە و ئاستەنگەکان چین و ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل ئامادە دەکەین و پێشکەشی لیژنەی باڵای چاکسازی و پەرلەمانی دەکەین.''

سەرۆکی دەستەی نەزاھە ڕوونیشی کردەوە: ''تەواوکردنی حیسابات و  یەکگرتنەوەی پێشمەرگە پێویستی بە ھاوکاریی سیاسی ھەیە و ڕێکاری کارگێڕی، ھەندێک کاتی دەوێت لەبەر ئەوەی ھەموو پێویستی بە وردبینی ھەیە و پێویستە کارێک بکرێت کە دادپەروەری بچەسپێت، بۆیە دادپەروەری لای ئێمە لە ھەموو گرنگترە، چونکە ئەمە داھاتیش دەگەڕێنێتەوە، لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک پێشێلکاریی یاسایی کراوە، بۆیە ئەو یاسایە دەرچووە.''

حاکم ئەحمەد ئەنوەر ڕوونیشی کردەوە: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی دارایییەوە دوو مووچەییی ڕاگرتووە و تەنھا یەک مووچەیی ماوە و نابێت دوو مووچەیی ھەبێت و ئەوەی بەردەوامیش بێت، مووچەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.''

سەرۆکی دەستەی نەزاھە ئەوەشی خستە ڕوو: ''وەزارەتی دارایی باسی لەوە کرد کە بەشێکی زۆری یاساکە جێبەجێ کراوە و زۆرینەی کارەکانیان تەواو کردووە، بەڵام پێویستە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتاییی لێ بدات، بۆیە بڕیارە سێ مانگ جارێکیش ڕاپۆرتێک بۆ پەرلەمان ڕەوانەی بکەن.''

زیاتر گوتی: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر جددیە و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە کە ھیچ ڕێگای دیکەیان لەبەردەم نییە جگە لەوەی چاکسازی بکەن، چونکە بەبێ ئەنجامدانی چاکسازی ناتواندرێت گۆڕانکاری بکرێت و خزمەتی ھاووڵاتییان بکرێت.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار