٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئومێد سەباح: لەگەڵ هەموو لایەک دادەنیشین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەکە گۆڕانکارییە ئیدارەییەکانی سنوورەکەی تاوتوێ کرد.

پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ هەڵکەوت شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئومێد سەباح ڕایگەیاند: "ئەم سەردانانەی ئێمە لە چوارچێوەی دیداری ساڵانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆ و وەزارەتەکان کە ئێمە دیدارێکی ساڵانەمان هەیە کە لەگەڵ هەموو لایەک دادەنیشین و دەمانەوێ کار و پلان و پڕۆژەکانی ساڵی داهاتوو لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکان تاوتوێ بکەین".

ئومێد سەباح ڕاشیگەیاند: "ئەوەی ئەمڕۆ قسەمان لەبارەوە کرد، چەند تەوەرێکە کە تەوەری یەکەمیان تەوەرێکی کارگێڕییە کە بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی باڵا و دەستەیەکمان پێکهێناوە کە لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ ڕاییکردنی کارەکان هەماهەنگ بن و ئەم دەستەیەش بۆ ئەوەیە کە سەرەتایەکی گونجاو بۆ دروستکردنی هەیکلییەی ئیداری و دامەزراوەی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکەین".

ڕاشیگەیاند: "بۆ جێبەجێکردنی پرسە کارگێڕییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەسەڵاتی تەواومان داوەتە سەرپەرشتیاری ئیدارە کە لە ماوەی 90 ڕۆژدا ئاڵۆگۆڕی فەرمانبەران لە نێوان دامودەزگاکان جێبەجێ بکات، بۆ ئەوەی هاوسەنگەییەکی وەزیفی بۆ فەرمانبەران بێتە ئاراوە".

ئومێد سەباح جەختی لەوەش کردەوە: "پاش بڕیاری دروستبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوو جۆر پڕۆژە لەم ناوچەیە جێبەجێ دەکرێت، یەکەم پڕۆژەی پەرەپیدان هەیە کە ئیدارەی سۆران بۆ خۆی جێبەجێیان دەکات، کە ئەم پڕۆژانە پڕۆژەی بچووک و مامناوەندن کە ڕاستەوخۆ پێوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە کە هەوڵمان داوە لە ساڵی 2021 دا بودجەیەکی زیاتر بۆ ئەم بابەتە تەرخان بکەین".

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران گوتیشی: "بۆ پڕۆژەکانی ساڵی 2022 لەم سنوورە هەوڵ دەدەین داوا لە وەزارەتی دارای و وەزارەتی پلاندانان بکەین کە بودجەیەکی زیاتر بۆ پەرەپێدان لە سنووری ئیدارەی سۆران دابنرێت، چونکە ئەمەیان ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە ژیانی هاووڵاتییانەوە هەیە، هاوکات بودجەی وەبەرهێنانیش هەیە کە ئەمەیان درێژخایەن و ستراتیژین کە دەمانەوێ بەشێک لەو پڕۆژانەی کە وەزارەتە پێوەندیدارەکان جێبەجێیان دەکەن، بیانهێنین بۆ سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران".

هەواڵی پەیوەندیدار