بابەکر زێباری: ھەماھەنگیی باش لە نێوان پێشمەرگە و بەرگریی عێراقدا ھەیە

هەولێر -KDP.info- دوو لیوای ھاوبەش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقدا پێک ھاتووە بۆ ئەوەی لە ناوچە کوردستانییەکان جێگیر بکرێن و ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لەڕووی سەربازییەوە ھەماھەنگیی باش لە نێوان ھەردوولادا ھەیە.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا لەڕووی سەربازییەوە ھەماھەنگیی باش لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵیدا ھەیە و بەردەوام لەبارەی ڕەوشی ئەمنی و سەربازییەوە کۆبوونەوە بەڕێوە دەچێت، بەتایبەتی لەبارەی زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە.''
ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەشڵێت: "دوو لیوای ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراقدا پێک ھاتوون کە نیوەیان کوردن و نیوەکەی دیکەیان سەر بە حکوومەتی فیدڕاڵن، واتە دوو لیوای ھاوبەشن و ئەوانەی سەربازی کوردن ئێستا مەشق و ڕاھێنان دەکەن.''
بابەکر زێباری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "جێگیرکردنی ئەو دوو لیوا ھاوبەشە کاریگەریی لەسەر ڕەوشی ئەو ناوچانە دەبێت و ھیوادارین لە قۆناغی داھاتووشدا ھەنگاوی دیکەی بەدوادا بێت بۆ ئەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکرێت.''
قائید میرۆ




