وەزیری ئاوەدانکردنەوە: حکوومەتی ھەرێم مەبەستیەتی ڕێگای هاتوچۆی سەلامەت بۆ ھاووڵاتییان دابین بکات

ھەولێر -KDP.info- بە شێوەیەکی فەرمی پڕۆژەی دووسایدی پردی زێی گەورە کرایەوە و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش ڕایدەگەیەنێت، ڕێگاوبان گرنگترین سێکتەری ژێرخانی ئابوورییە و حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە مەبەستیانە ھاتوچۆ و ڕێگایەکی سەلامەت بۆ ھاووڵاتییان دابین بکەن.
ئەمڕۆ، سێشەممە ٢٠٢١/١١/١٦ لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و جێگری پارێزگاری دھۆک و بریکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ڕاوێژکارانی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی، بە شێوەیەکی فەرمی پڕۆژەی دووسایدی پردی زێی گەورە لەسەر ڕێگای نێوان ھەولێر و دھۆک کرایەوە.
لە میانەی کردنەوەی ڕێگاکەدا لە وتارێکدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن خۆشحاڵیی خۆی بە کردنەوەی ئەم پڕژۆژەیە دەربڕی و ڕایگەیاند: ''پڕۆژەی دووسایدی پردی زێی گەورە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و ھەردوو پارێزگای خۆشەویستی ھەولێر و دھۆک و لە ڕێی ئەوانیشەوە ھەموو ھەرێمی کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە کە ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنیی دەبێت لە بواری ھاتوچۆی سەلامەت و لەڕووی ئابووری و بازرگانی و گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل و ئاڵوگۆڕی بازرگانیشەوە.''
دانا عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەش کرد: ''ڕێگاوبان گرنگترین سێکتەری ژێرخانی ئابوورییە و بۆ ئەو مەبەستەش، حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە مەبەستیانە ڕێگای هاتوچۆی سەلامەت و ستاندارد لە نێوان پارێزگاکاندا فەراھەم بکەن بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان.''
وەزیری ئاوەدانکردنەوە سوپاسی ئەندازیاران و سەرپەرشتیار و کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەی کرد و جەختی کردەوە: ''ھەرێمی کوردستان خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی و ئابوورییە و بە یەکگرتوویی و پێکەوە دەتوانین ھەرێمی کوردستان ببەینە قۆناغێکی گەشەسەندووتر و ئومێدەوارین بتوانین لە داھاتوودا پڕۆژەکانی دیکەی وەزارەتیش تەواو بکەین و بیکەینەوە بەڕووی ھاووڵاتییاندا.''
گوتیشی: پڕۆژەکە لە چوارچێوەی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە و پێک ھاتووە لە پردێک بە درێژی (٩٢٨) مەتر و گوژمەکەی زیاتر لە ٤٣ ملیار دینارە، کە دەکەوێتە نێوان ھەولێر و دھۆک و یەکێکە لە ڕێگا ستراتیژییەکانی ھەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم




